ئاسایشی هەرێم: چوار بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە سنووری سلێمانی دەستگیرکران

ژوان نیزام 12 کاتژمێر پێش ئێستا
وێنەی چوار تۆمەتبارەکە و ئەو مادە هۆشبەرانەی پێیان گیراوە
وێنەی چوار تۆمەتبارەکە و ئەو مادە هۆشبەرانەی پێیان گیراوە

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، چوار بازرگانی ماددەی هۆشبەرییان دەستگیرکردووە و، دەستیان بەسەر 25 هەزار دەنک حەب و 21 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گرتووە.

لە دوو چالاکیدا لە سنووری سلێمانی

دەزگای ئاسایش لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی سلێمانی لە دوو چالاکیدا لە سنووری سلێمانی توانییان چوار بازرگانی ماددەی هۆشبەر و 25 هەزار دەنک حەب و 21 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری ئەمفیتامین (کریستاڵ) بگرن.

وردەکاری هەردوو چالاکییەکە

دەزگای ئاسایش سەبارەت بە چالاکییەکان ڕوونکردنەوەیدا، چالاکی یەکەم لە ڕۆژی 18/7/2026 دوو بازرگانیی ماددەی هۆشبەریان لە سلێمانی دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر 25 هەزار دەنک حەبی هۆشبەردا کە بە شێوەی قاچاغ بە مەبەستی ساغکردنەوەی هێنرابوونە پارێزگای سلێمانی، چالاکی دووەم 19/7/2026 بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی سلێمانی بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی توانیان دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەن و دەستیش بەسەر 21 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری ئەمفیتامین(کریستاڵ)ی وشک و شل بگرن.

بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکە، تۆمەتباران بەگوێرەی ماددەی 25 لە یاسای ماددەهۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان ژمارە یەکی ساڵی 2020 ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانیان بەردەوامە.

ژوان نیزام

12 کاتژمێر پێش ئێستا