وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا: کردەیەکی مەترسیدار بەرامبەر دوو دیپلۆماتکارمان لە ئێران کراوە

ئارام یوسف 13 کاتژمێر پێش ئێستا
ژان نۆئێل بارۆت وەزیری دەرەوەی فەرەنسا
ژان نۆئێل بارۆت وەزیری دەرەوەی فەرەنسا

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئاشکرای دەکات، کردەیەکی زۆر مەترسیدار بەرامبەر بە دوو دیپلۆماتکاریان لە تاران کراوە و بۆ چەند کاتژمێرێک دەستبەسەر کراون.

دیپلۆماتکارەکان ڕووبەڕووی کارێکی مەترسیدار بوونەتەوە

ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە ڕاگەیێنراوێکدا سەرکۆنەی کردەوەی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانی بەرامبەر دوو دیپلۆماتکاریان کردووە و ڕایگەیاندووە، ڕووبەڕووی کارێکی زۆر مەترسیدار بوونەتەوە.

کارەکەی ئێران پێشێلی پارێزەربەندی دیپلۆماسییە

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێوارەی یەکشەممەی ڕابردوو، دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە ئێران، بوونەتە ئامانجی کارێکی تۆقێنەری زۆر مەترسیدار لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە، کە پێشێلی ئاشکرای پارێزەربەندی دیپلۆماسییە.

بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەستبەسەر کراون

وەزیرى دەرەوەی فەڕەنسا ئاشکرای دەکات، ئەو دوو دیپلۆماتکارە بەبێ هیچ پاساوێک بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و دەستبەسەرکردن بوونەتەوە.

دیپلۆماتکارەکان ڕووبەڕووی دەستدرێژی بوونەتەوە

بە گوتەی ژان نوێل بارۆ، یەکێک لەو دوو دیپلۆماتکارە، پێش ئەوەی ڕێگەیان پێبدەن بگەڕێنەوە بۆ باڵیۆزخانەی فەڕەنسا، ڕووبەڕووی دەستدرێژی بووەتەوە.

ئارام یوسف

13 کاتژمێر پێش ئێستا