داهاتی نەوت کەمیکرد و گەندەڵی زیادی کرد؛ عێراق بەرەو کوێ دەچێت؟
عێراق لە ساڵی 2026دا ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەختی دارایی بووەتەوە و حکومەت دەیەوێت لە ڕێگەی گەڕاندنەوەی سامانی دزراو، کورتهێنانی بودجە پڕبکاتەوە.
قەیرانی دارایی و کاریگەرییەکانی جەنگ
ساڵی 2026 بۆ عێراق ساڵێکی پڕ لە ئاڵنگارییە. بەهۆی ئاڵۆزییە هەرێمییەکان و جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل، داهاتی وڵاتەکە بەتەواوی کەمی کردووە. دابەزینی نرخی نەوت و ڕاگرتنی هەناردەکردنی، کە بڕبڕەی پشتی ئابووریی عێراقە، داڕمانی دارایی خێراتر کردووە و خەزێنەی دەوڵەتی تەکاندووە.
قەبارەی گەندەڵی و سامانی بەهەدەردراو
ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە قەبارەی گەندەڵی لە عێراق لە ئاستی ملیار دۆلار دەرچووە و گەیشتووەتە تریلیۆن دۆلار. بڕی ئەو پارانەی بەهۆی گەندەڵییەوە دەبرێن، زۆر زیاترن لەو بڕەی وەک بودجەی گشتی بۆ خزمەتی هاووڵاتییان تەرخان دەکرێت. یەکێک لە دۆسیە گەورەکان دۆسیەی "نور زوهێر" بوو کە تۆمەتبارە بە بردنی 2.5 ملیار دۆلاری پارەی باجەکان.
هەڵمەتی گەڕاندنەوەی پارە و زێڕە دزراوەکان
حکومەتەکەی عەلی زەیدی دەیەوێت قەیرانی کەمیی داهات بکاتە دەرفەتێک بۆ گەڕاندنەوەی سامانی گشتی. هەڵمەتەکە بە دەستگیرکردنی "عەدنان جومەیلی" دەستیپێکردووە. تاوەکو ئێستا توانراوە زیاتر لە 200 ملیار دینار، نزیکەی 400 کیلۆگرام زێڕ و بڕی 25 ملیۆن دۆلار لە گەندەڵکاران وەربگیرێتەوە.
گەندەڵی لەنێو لیژنەکانی دەستپاکیدا
لە نوێترین پێشهاتدا، دەستگیرکردنی "تەڵاڵ زوبەیعی"، سەرۆکی پێشووی لیژنەی دەستپاکی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکە، نیشانەی پرسیاری لەسەر لیژنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دروستکردووە. ئەمە دەریدەخات کە لە ڕابردوودا بەشێک لەو کەسانەی بۆ پاراستنی سامانی گشتی ڕاسپێردرابوون، خۆیان تێوەگلانیان هەبووە.
پشتیوانییەکان و ئایندەی هەڵمەتەکە
هەڵمەتەکەی عەلی زەیدی لە ئێستادا کۆدەنگی لایەنە سیاسییەکان، شەقامی عێراقی و نوێنەرایەتیی وڵاتانی لەسەرە. ئێستا چاوەکان لەسەر ئەوەن ئایا ئەم هەڵمەتە بەردەوام دەبێت و بەرپرسە باڵاکانی دیکەش دەگرێتەوە، یان تەنیا لەم ئاستەدا دەوەستێت. بە گەڕاندنەوەی ئەو پارانە، حکومەت ئامانجیەتی بەشێکی زۆری کورتهێنانی دارایی وڵات پڕبکاتەوە.
9 کاتژمێر پێش ئێستا