وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: هاووڵاتییانمان لە هەر شوێنێکی جیهان بن پێویستە لەوپەڕی هۆشیاریدا بن

کەناڵ8 8 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
لۆگۆی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا

واشنتن بەهۆی مەترسییەکانی شەڕی ئێران هۆشدارییەکی بەپەلەی جیهانی بۆ هاووڵاتییانی بڵاوکردەوە و داوای گرتنەبەری ڕێکاری توندی خۆپارێزی دەکات.

هۆشدارییەکی بەپەلەی جیهانی

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشدارییەکی ئەمنیی "جیهانی" دەرکرد. لەم هۆشدارییەدا داوا لە سەرجەم هاووڵاتییانی ئەمریکی لە هەر شوێنێکی جیهان بن کراوە، لەوپەڕی هۆشیاریدا بن. هۆکاری ئەم بڕیارە بۆ پەرەسەندنی گرژییەکان و ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئێران دەگەڕێتەوە.

ئاڵۆزیی ژینگەی ئەمنی

لە بەیاننامە فەرمییەکەی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە، بەهۆی توندبوونەوەی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ژینگەی ئەمنی بە "ئاڵۆزی" ماوەتەوە. واشنتن هۆشداری دەدات کە لە ئێستادا ئەگەری ڕوودانی پەرەسەندنی کتوپڕ و چاوەڕواننەکراوی دۆخەکە لە ئارادایە.

مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، مەترسییەکان لەسەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکان و ئەو شوێنانەی پەیوەندییان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاووڵاتییانیەوە هەیە، زیادیان کردووە. بۆیە جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پێویستە ئەمریکییەکانی دەرەوەی وڵات ڕێکاری توندی خۆپارێزی بگرنە بەر و چاوکراوە بن.

بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

دەرکردنی ئەم هۆشدارییە گشتییە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار. ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران وایکردووە واشنتن سەرجەم هاووڵاتییانی خۆی لە سەرانسەری جیهان لە مەترسییە ئەمنییەکان ئاگادار بکاتەوە.

کەناڵ8

8 کاتژمێر پێش ئێستا