زانیارییەکانی کەناڵ8؛ ترەمپ ڕەزامەندی داوە عەلی زەیدی نێوەندگیریی نێوان ئەمریکا و ئێران بکات

کەناڵ8 8 کاتژمێر پێش ئێستا

بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی کەناڵ8، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستکراوە کراوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی وزە و بازرگانی لە گەرووی هورمز لەڕێگەی نێوەندگیرییەکی فەرمییەوە.

ڕەزامەندیی ئەمریکا بۆ نێوەندگیری

بەپێی زانیارییە تایبەتەکان، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، داوای کردووە ڕەزامەند بێت لەسەر نێوەندگیریی عێراق لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا. لە بەرامبەردا، سەرۆکی ئەمریکا زەیدی دەستکراوە کردووە بۆ ئەنجامدانی ئەو نێوەندگیرییە بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی گەرووی هورمز.

تەوەری نێوەندگیرییەکە و قەیرانی ئابووری

عەلی زەیدی بە ترەمپی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر پاکستان ڕۆڵی سیاسی لە نێوەندگیرییەکەدا دەگێڕێت، ئەوا عێراق دەیەوێت ڕۆڵی نێوەندگیر ببینێت بۆ چارەسەرکردنی لایەنە ئابوورییەکەی قەیرانەکە. ئەم دەستپێشخەرییە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەیە کە بەهۆی گرژییەکانی گەرووی هورمزەوە بوونەتە هۆی وەستانی بازرگانی و هەناردەکردنی نەوت و دروستبوونی قەیرانی وزە لە جیهاندا.

کاتی سەردانەکەی زەیدی بۆ تاران

بەپێی زانیارییەکانی کەناڵ8، بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە 23ـی مانگ، عەلی زەیدی سەردانەکەی بۆ تاران دەستپێبکات. هەر لە هەمان ڕۆژی پێنجشەممەدا، سەرۆکوەزیران و شاندە یاوەرەکەی دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکانیان لە تاران، دەگەڕێنەوە عێراق.

داوای لێبوردنی ئێران لە سەرۆکوەزیران

دوای ئەوەی عەلی ئەکبەر ویلایەتی ڕەخنەی توندی لە سەردانەکەی زەیدی بۆ ئەمریکا گرتبوو، بەرپرسانی ئێران چەند جارێک داوای لێبوردنیان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە. لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ محەممەد کازم ئالسادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، سەردانی عەلی زەیدی کردووە و بە فەرمی داوای لێبوردنی لە سەرۆکوەزیران کردووە.

کەناڵ8

8 کاتژمێر پێش ئێستا