ئومێد خۆشناو: بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی دەبێتە 850 دینار و خاوەن بەنزینخانەکانیش قەرەبوو ناکرێنەوە
پارێزگاری هەولێر لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، نرخی نوێی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی دەکرێت بە 850 دینار و وێڕای جەختکردنەوە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە لەلایەن سەدان بەنزینخانەوە، ئاماژەی بەوەکرد، خاوەن بەنزینخانەکان قەرەبووناکرێنەوە و لەبارەی داخستنی نووسینگەی ئێن ئاڕتیشەوە گوتی، "پابەندی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی نەبوون".
جێبەجێکردنی نرخی نوێی بەنزین
پارێزگاری هەولێر لەبارەی دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی ڕایگەیاند، نرخی بەنزینی نۆرماڵی پاڵپشتیکراو بە 750 دینار دەبێت و نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی بە 850 دینار دەبێت و لە ئەمڕۆوە بڕیاری دابەزاندنی نرخی بەنزین جێبەجێ دەکرێت.
ئامادەکارییەکان و سزای سەرپێچیکاران
ئومێد خۆشناو لەبارەی دابینکردنی بەنزین و چاودێریکردنی بازاڕ لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی "ڕۆژانە 21 تەنکەر بەنزینی پاڵپشتیکراو بۆ هەولێر دابین دەکرێت و 266 بەنزینخانە لە هەولێر پابەندی دابەزاندنی نرخی بەنزین دەکرێن، ئەگەرنا سزای دارایی دەدرێن یان بەنزینخانەکان دادەخرێن".
بڕی بەنزینی دابینکراو و پرسی قەرەبووی خاوەن کارەکان
پارێزگاری هەولێر لەبارەی بڕی بەنزینی نێردراو و زیانی خاوەن بەنزینخانەکان گوتیشی "ئەو بڕی 21 تەنکەرە هاوشێوەی پێشووترە و نەگۆڕاوە، بەڵام ئێستا خواست لەسەری زۆرە و داواکارین لە شۆفێران پەلە نەکەن بۆ وەرگرتنی بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو". پارێزگاری هەولێر لەبارەی زیانی بەنزینخانەکان دەشڵێت "خاوەنی بەنزینخانەکان لەم بڕیارەی بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو زیان دەکەن، بەڵام هیچ قەرەبوویەک ناکرێنەوە، دەبێت بڕیارەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و سوپاسی هەڵوێستیان دەکەن".
ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی بەنزینی بازرگانی لە بازگەکان
ئومێد خۆشناو لەبارەی کاریگەریی نرخەکان لەسەر بەنزینی بازرگانی و هاتوچۆی تەنکەرەکان ڕایگەیاند، بە بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، هەموو بازگەکان کراوەن و هەر کەسێک خوازیارە ڕێگەپێدراوە بازرگانیی بەنزین بکات و بەنزینی بازرگانی بگوازێتەوە؛ هەروەها لەبارەی ئاسانکارییەکانەوە دەشڵێت "لە بازگەکانەوە ئاسانکارییان بۆ دەکرێت".
بەردەوامیی ڕێکارەکان بەرامبەر پاڵاوگە نایاساییەکان
پارێزگاری هەولێر لەبارەی پاڵاوگە نایاساییەکانی هەولێرەوە ئەوەی خستەڕوو، هێشتا کاری لیژنەکان بەردەوامە و ڕێکاریان لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر، ڕاشیگەیاند، ژمارەیەکی زۆر پاڵاوگە داخراون.
دۆخی کۆگاکانی غازی ماڵان و دابەشکردنی بە کارت
ئومێد خۆشناو لەبارەی غازی ماڵانەوە باسی لەوە کرد، هەرچەندە کۆرمۆر لە بەرهەمهێنان وەستاوە، بەڵام لە کارگەکاندا بەشی یەک مانگ غاز هەیە و لە عێراقیشەوە بڕێک غازی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت و بە تەنکەر دەهێندرێتە هەرێمی کوردستان، دابەشکردنیشی لەڕێگەی فۆڕمی خۆراک و کارت بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەیە و بۆ ڕێگریکردنە لە قۆرخکاری.
ڕوونکردنەوە لەبارەی داخستنی نووسینگەی ئێن ئاڕ تی
پارێزگاری هەولێر لەبارەی هۆکاری داخستنی نووسینگەی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و بردنی کەلوپەلەکانیان گوتی، بە بڕیاری دادگا نووسینگەی کەناڵی ئێن ئاڕ تی داخراوە و چۆڵکراوە، چونکە کرێی چەند مانگێکی ئەو خانووەیان نەداوە و ئێستا کلیلی خانووەکەی ڕادەستکراوەتەوە؛ هەروەها لەبارەی شێوازی کارکردنیان گوتیشی "ئێن ئاڕ تی پابەندی ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی نەبووە".
8 کاتژمێر پێش ئێستا