مامۆستایانی گرێبەست بۆ بەهەمیشەیکردنیان سەردانی بەغداد دەکەن
شاندێکی نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گەیاندنی داواکاریی بەهەمیشەییکردنیان سەردانی بەغداد دەکەن تاوەکو لە ڕێگەی فراکسیۆنە کوردی و عێراقییەکانەوە پشتیوانیی پێویست بۆ جێگیرکردنی شایستە داراییەکانیان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027 دا بەدەستبهێنن.
جێگیرکردنی شایستە داراییەکان لە بودجەدا
عەلی ڕەئوف، یەکێک لە نوێنەرەکان لەبارەی ئامانجی سەردانەکەیانەوە بە کەناڵ8ی گوت "ئامانجی سەرەکیی دەستەی گشتیی نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست ئەوەیە لە پڕۆژەبودجەی 2027 تەرخانی دارایی بۆ مامۆستایانی گرێبەست دیاریبکرێت و بکرێن بە هەمیشەیی و دابمەزرێن".
کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان
عەلی ڕەئوف لەبارەی بەرنامەی سەردانەکەیانەوە ئاماژەی بەوە کرد، سەرەتا لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەکان و پاشان فراکسیۆنەکانی سوننە و شیعر کۆدەبنەوە تاوەکو زۆرترین پشتیوانی بۆ داواکارییەکانیان بەدەستبهێنن.
ئەندامانی دەستەی نوێنەرایەتی
دەستەی گشتیی نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست پێکهاتوون لە؛ "تۆلاز محەممەد، محەممەد یاسین، ئەحمەد فایەق، هیوا سەمەد و عەلی ڕەئوف".
ئاماری مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان
لە هەرێمی کوردستان 37 هەزار و 933 مامۆستای گرێبەستی سەر بە وەزارەتی پەروەردە و چوار هەزار و 100 مامۆستای گرێبەستی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا هەن، کە بە کۆی گشتی دەگاتە 42 هەزار و 33 مامۆستای گرێبەست، کە مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە دابینکراوە.
7 کاتژمێر پێش ئێستا