سامان بەرزنجی: بڕی 28 ملیار دینار بۆ نەخۆشخانەی هیوا تەرخانکراوە و 90%ـی دەرمانەکان بەردەستن

کیژان مەحمود 8 کاتژمێر پێش ئێستا
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان

وەزیری تەندروستیی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان، سەردانی نەخۆشخانەی هیوا و ژمارەیەک سەنتەر و بنکەی تەندروستیی شاری سلێمانی کرد و ڕایگەیاند، ئەمساڵ 12 ملیار دینار بۆ نەخۆشخانەی هیوا خەرجکراوە و نوێترین ئامارەکانی بودجەی تەرخانکراو بۆ کەرتی شێرپەەنجە بڵاوکردەوە و وردەکاریی پلانە نوێیەکانی حکومەتی کاربەڕێکری بۆ پەرەپێدان بۆ نەخۆشخانەی هیوا خستەڕوو.

ڕێژەی بەردەستبوونی دەرمانی شێرپەنجە

د. سامان بەرزنجی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی ڕەوشی نەخۆشخانەی هیواوە ڕایگەیاند، ئێستا نزیکەی 90%ـی دەرمانەکانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی بەردەستن و سوپاسی شێوازی بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەکەی کرد و گوتیشی: "بارودۆخی دارایی و قەیرانی ئابووری، کاریگەریی لەسەر دابینکردنی دەرمان دەبێت".

گەشەپێدانی سەنتەرەکانی شێرپەنجە

د. سامان بەرزنجی لەبارەی بەرنامەکانی وەزارەتەوە ئاماژەی بەوە کرد، بەرنامەیان هەیە پەرەی زیاتر بە سەنتەرەکانی شێرپەنجە بدەن بەتایبەت لە قۆناغەکانی کۆتایی چارەسەر وەرگرتن و کەمکردنەوەی ئازارەکانیان لەو قۆناغەدا.

بودجەی تەرخانکراو بۆ نەخۆشخانەی هیوا

سامان بەرزنجی لەبارەی تەرخانکردنی بودجەوە ئەوەشی خستەڕوو، لە ساڵی 2025 نزیکەی 28 ملیار دینار بۆ نەخۆشخانەی هیوا لە دەرمان و ئامێری پزیشکی تەرخانکراوە، لەو بڕە پارەیە، 25 ملیار دیناری بۆ دابینکردنی دەرمان و 3 ملیار دیناریشی بۆ کڕینی ئامێری پزیشکی بووە. ئاماژەی بەوە کرد، لە 6 مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا، نزیکەی 12 ملیار دیناری دیکە بۆ دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان خەرجکراوە.

بەرزیی تێچووی چارەسەر و بارگرانی لەسەر نەخۆشخانەکە

وەزیری تەندروستی لەبارەی بارگرانی سەر نەخۆشخانەکەوە گوتی، نەخۆشخانەی هیوا بارگرانی و فشارێکی زۆری لەسەرە و چونکە بە گوتەی ئەو "تێچووی چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجە زۆر بەرزە" و تەنیا یەک ژەمی چارەسەر دەکرێت بگاتە هەزاران دۆلار و ئەوەش وایکردووە گلەیی نەخۆشخانەی هیوا بەرزببێتەوە و سوپاسی خێرخوازانیشی کرد بۆ بەشداربوونیان لە هاوکاریکردنی نەخۆشخانەکە.

هاوکارییەکانی حکومەت بۆ کەرتی تەندروستی

سامان بەرزنجی لەبارەی هەماهەنگی لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیراندا ئاماژەی بەوە کرد لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، تاوتوێی بەهێزکردنی پاڵپشتییەکانیان بۆ نەخۆشخانەی هیوا کردووە، جەختیشیکردەوە، ئەو بودجەیەی لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ کەرتی تەندروستی تەرخانکراوە بە تەواویی دابەشکراوە و هیچ جیاوازییەک نەکراوە.

کێشەی کورتهێنانی کارمەندانی تەندروستی

وەزیری تەندروستی لەبارەی کورتهێنانی میلاکاتەوە گوتی، لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان کورتهێنانی کارمەندی تەندروستییان هەیە، بەگوتەی ئەو، زیاتر لە 49 هەزار میلاکی وەزارەتی تەندروستی هەیە و لەساڵی 2014ـەوە کە دیراسەیانکراوە، زیاد لە 14 هەزار میلاکی وەزارەت کورتی هێناوە و تەنیا ساڵی ڕابردوو سێ هەزار کارمەند خانەنشین بووە، جیا لەوازهێنان و گیان لەدەستدان، بەڵام کردنەوەی نەخۆشخانە، بنکە و هۆڵی نوێی نەشتەرگەری وایکردووە دامەزراندن بۆ سیستمی کەرتی تەندروستی زیاتر ببێت و کورتهێنان زیاتر دەربکەوێت.

داوای لێکتێگەیشتن لەگەڵ بەغداد بۆ دامەزراندن

سامان بەرزنجی لەبارەی ڕێکار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورتهێنانی کارمەند لە کەرتی تەندروستی گوتیشی "داواکارن لەگەڵ عێراق لێکتێگەیشتنێک هەبێت بۆ دامەزراندنی کارمەندانی کەرتی تەندروستی، بەجۆرێک دامەزراندنیان بدرێتەوە دەست هەرێمی کوردستان و کێشەی کورتهێنانی کارمەندانی تەندروستی کەمتر بێتەوە، ڕاشیگەیاند، لە کابینەی نۆیەمدا زیاتر لە 3,000 کارمەندی تەندروستی دامەزراوە، دووپاتیشیکردەوە، دەرچووانی پزیشکی گشتیی دانەمەزراو، دادەمەزرێن بەڵام کاتەکەی بەدیاریکراوی دیارنییە".

پڕۆژەی پاکژکردنەوەی ئاوی نەخۆشخانەکان

وەزیری تەندروستی لەبارەی پڕۆژە هاوبەشەکەیان لەگەڵ یونسێفدا ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ ڕێکخراوی یونسێف کار لەسەر پڕۆژەیەکی ستراتیژی دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئاوی پیسی نێو نەخۆشخانەکان. وەزیری تەندروستی ڕوونی کردەوە کە بەهۆی جیاوازیی ئاوی نەخۆشخانەکان لەگەڵ ئاوی ماڵان، ئەم پڕۆژەیە وەک هەنگاوێکی سەرەکی بۆ پاراستنی ژینگە جێبەجێ دەکرێت.

کیژان مەحمود

8 کاتژمێر پێش ئێستا