پنتاگۆن: لە حەوتی تەمموزەوە 100 سەربازمان بريندار بوون

رۆزا حیسام 7 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ناسراو بە پنتاگۆن
لۆگۆی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ناسراو بە پنتاگۆن

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) نوێترین ئاماری کوژراو و بریندارانی هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی گرژییەکانەوە لەگەڵ ئێران 17 سەربازیان کوژراون و 427ـی دیکەش بریندار بوون؛ ئاماژە بەوەش دەکەن زۆرینەی بریندارەکان بەهۆی کاریگەریی تەقینەوەکانەوە تووشی هەژانی مێشک بوون، بەڵام زۆربەیان گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان.

هەڵکشانی ژمارەی بریندارانی ئەمریکا لە ناوچەکە

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) لەبارەی ژمارەی قوربانیانی هێزەکانیانەوە ڕایگەیاند، لە 7ـی تەممووزەوە 100 سەربازیان بریندار بوون کە زۆرینەیان تووشی هەژانی مێشک بوون، ئەوەش زۆر کات بەهۆی دەنگی تەقینەوەکانەوە ڕوودەدات، بەوەش کۆی بریندارەکان لە شەڕی ئێراندا گەیشتە 427 سەرباز.

دۆخی تەندروستیی سەربازە بریندارەکان

شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پنتاگۆن لەبارەی چارەسەرکردنی سەربازە بریندارەکانەوە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە، 96%ـی بریندارەکان چارەسەریان بۆ کراوە و گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان.

هۆکارەکانی برینداربوونی سەربازان

گوتەبێژی پنتاگۆن لەبارەی جۆری برینداربوونی هێزەکانیانەوە ئاماژەی بەوەش کرد "زۆرینەی بریندارەکان دووچاری هەژانی مێشک بوون، کە حاڵەتێکی باوە لەناو سەربازەکاندا لە کاتی شەڕدا و زۆرینەی کات بەهۆی دەنگی بەرزی تەقینەوەکانەوە ڕوودەدات".

شوێنی کوژرانی سەربازەکان لە ئوردن و هەرێم

هەر بەگوێرەی ئامارەکانی پنتاگۆن، لە 7ـی تەممووزەوە تاوەکو ئێستا 3 سەربازیان لە شەڕی ئێراندا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کوژراون، کە 2 سەربازیان ڕۆژی هەینی و شەممە لە ئوردن کوژراون و سەربازێکیشیان شەممە لە هەرێمی کوردستان کوژراوە.

کۆی گشتیی قوربانییانی ئەمریکا لە سەرەتای شەڕەوە

بەوەش کۆی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی لە سەرەتای شەڕەوە لە 28ـی شوباتەوە کوژراون گەیشتووەتە 17 سەرباز و 427 سەربازیش بریندار بوون.

رۆزا حیسام

7 کاتژمێر پێش ئێستا