بۆچی نابێت سەرئێشەی بەیانیان پشتگوێبخرێت؟

گران جاف 7 کاتژمێر پێش ئێستا

هۆکارەکانی سەرئێشە زۆرن و بەشێکی زۆریان هۆکارێکی مەترسیدار لە پشتیانەوە نییە، بەڵام هەندێک جۆری سەرئێشە هەن نابێت پشتگوێبخرێن.

جۆرە جیاوازەکانی سەرئێشە بە گوێرەی شوێن، توندی، ماوە و ئەو کاتەشی تووشی دەبیت جیاوازن، ئەم زانیارییانەش یارمەتیی پزیشکان دەدات باشتر بتوانن هۆکاری سەرئێشەکە دەستنیشان بکەن و چارەسەری بکەن.

گوشاری دەروونی، کەمخەوی، وشکبوونەوە و شەقیقە بە هۆکارە باوەکانی سەرئێشە دادەنرێن، بەڵام جۆرێکی دیاریکراوی سەرئێشە هەیە کە پێویستە بەدواداچوونی جدیی بۆ بکرێت، وەکو ئەو سەرئێشەیەی بەهۆی توندییەکەیەوە چارەخواز خەبەردەکاتەوە، یان ئەو سەرئێشەیەی لە بەیانیاندا زۆر توند دەبێت یان دروستدەبێت.

لەگەڵ ئەوەی ئەم سەرئێشەیە پێویستی بە بەدواداچوونی جدی هەیە، واتای ئەوە نییە کە هەموو کاتێک هۆکارێکی مەترسیدار لە پشتی هەیە و دەکرێت هۆکارەکەی هەریەکێک لە گۆڕانی شێوازی هەناسەدان لەکاتی خەودا یان شێوازی پاڵکەوتن و خەوتنەکەی هۆکاربن کە مەترسیدار نین.

بەڵام دەشکرێت هۆکارە جدییەکە زیادبوونی فشاری کەلەی سەر بێت، هۆکارەکانی زیادبوونی ئەم فشارەش دەکرێت گرێی مێشک، خوێنبەربوونی مێشک، کۆبوونەوەی شلە یان کۆبوونەوەی شلەی سەر و دڕکەپەتک بێت.

هەربۆیە لەکاتی هەبوونی ئەم جۆرە سەرئێشەیەدا پێویستە بەدواداچوون بکرێت و بە زووترین کات هۆکارەکەی بزانرێت، لەبیرت بێت سەرئێشە حاڵەتێکی باوە بەڵام گرێی مێشک باو نییە و نابێت کەسەکە دەستبەجێ ترسێکی زۆری بۆ دروست ببێت.

بێجگە لەم هۆکارانە، هۆکاری دیکەش هەن بۆ سەرئێشەی بەیانیان کە پەیوەندییان بە مێشکەوە نییە، وەکو:

  • نەخۆشیی پرخە؛ ئەو کەسانەی ئەم نەخۆشییەیان هەیە لەکاتی خەوتندا ئۆکسجینی جەستەیان کەمدەبێتەوە، ئەمەش تووشی سەرئێشەی بەیانیانیان دەکات
  • شەقیقە: ئەو کەسانەی شەقیقەیان هەیە دەکرێت زۆرجار بەهۆی گۆڕانکاریی هۆرمۆنی و کیمیایی مێشکەوە بەیانیان تووشی سەرئێشە ببن
  • بەرزەفشاری خوێن: لە هەندێک کەسدا بەرزەفشاری خوێنی کۆنترۆڵنەکراو هۆکارێکی ئەم سەرئێشەیەیە
  • ئەو کەسانەی ئازارشکێن زۆر بەکاردەهێنن، هەندێجار بەهۆی زیادەڕۆییەوە دووچاری سەرئێشە دەبنەوە

نیشانە ئاگادارکەرەوەکانی سەرئێشە ئەمانەن:

ئەگەر سەرئێشەکە ئەمانەی لەگەڵ بوو:

  • بەبێ هیچ گرفتێکی گەدە کەسەکە بە بەردەوامی ڕشایەوە
  • لە پاش تەمەنی 50 ساڵی سەرئێشەکە دەستی پێکرد و کەسەکە پێشتر ئەو حاڵەتەی نەبووبێت
  • لە پاش بەرکەوتنی زەبرێکی دەرەکی تووشی سەرئێشەکە ببێت
  • ئەگەر تا، ڕەقبوونی مل و تێكچوونی هۆشداریی لەگەڵ بێت
  • لەجیاتی چاکبوونەوەکە ئازارەکە زیادی کرد و چاکنەبووەوە
گران جاف

7 کاتژمێر پێش ئێستا