82 هەزار دینار بۆ هەر پێشمەرگەیەک؛ سبەی پارەکە دابەش دەکرێت
پاش گەیشتنی پارەکە بۆ سەر هەژماری وەزارەت، زیاتر لە 80 هەزار پێشمەرگە و ئەفسەر هاوکاریی دارایی مانگی حوزەیران وەردەگرن.
ڕێکارەکانی دابەشکردنی هاوکارییەکە
وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، هاوکاریی دارایی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ مانگی حوزەیرانی 2026 خرایە سەر هەژماری وەزارەت. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی) دەستی بە جێبەجێکردنی ڕێکارە دارایی و ژمێریارییەکان کردووە و بڕیارە سبەی چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، دەست بە دابەشکردنی پارەکە بکرێت.
بڕی پارە و ژمارەی سوودمەندان
بەپێی زانیارییەکانی کەناڵ8، کۆی ئەو پارەیەی لەلایەن هاوپەیمانانەوە بۆ ئەم مانگە نێردراوە دەگاتە 6.6 ملیار دینار. ئەم بڕە پارەیە بەسەر 80,500 پێشمەرگە، ئەفسەر و پلەداردا دابەش دەکرێت، بە جۆرێک هەر پێشمەرگە و پلەدارێک بڕی 82,000 دیناری پێدەدرێت.
شێوازی وەرگرتنی هاوکارییەکە
دابەشکردنی هاوکاریی دارایی ئەم مانگە گۆڕانکاریی تێدا کراوە و لە ڕێگەی سیستمی ئەلیکترۆنییەوە دەبێت. پێشمەرگە و ئەفسەرە سوودمەندەکان لە ڕێگەی کارتی بانکیی "هەژماری من"ـەوە بڕی 82,000 دینارەکەیان بۆ خەرج دەکرێت و دەتوانن لە ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە وەری بگرن.
7 کاتژمێر پێش ئێستا