یادەوەرییەکان زیندوو دەبنەوە؛ عێراق بە تەکنەلۆژیایەکی سەردەمیانە تەلەفۆنی نۆرماڵ دەگەڕێنێتەوە بۆ ماڵان

شۆڕش محەمەد 8 کاتژمێر پێش ئێستا
عێراق بە تەکنەلۆژیایەکی سەردەمیانە تەلەفۆنی نۆرماڵ دەگەڕێنێتەوە بۆ ماڵان
عێراق بە تەکنەلۆژیایەکی سەردەمیانە تەلەفۆنی نۆرماڵ دەگەڕێنێتەوە بۆ ماڵان

وەزارەتی گەیاندنی عێراق کار بۆ زیندووکردنەوەی تەلەفۆنی زەمینی دەکات و لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای فایبەر ئۆپتیکەوە یادەوەرییەکانی ئەو تەلەفۆنە بۆ ماڵان دەگێڕێتەوە.

پلانی خستنەوەکاری تەلەفۆنی نۆرماڵ

کۆمپانیای پەیوەندییەکان و زانیاریی سەر بە وەزارەتی گەیاندنی عێراق ڕایگەیاند، پلانێکیان هەیە بۆ گەڕانەوەی خزمەتگوزاریی تەلەفۆنی نۆرماڵ لە ماوەی ساڵی داهاتوودا. عەلی یاسین، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردووە کە کارپێکردنەکە لە ڕێگەی ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا تایبەتمەندەکان دەبێت بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکە لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای "فایبەر ئۆپتیک" کە بە ڕاوتەری ئینتەرنێتی ماڵانەوە دەبەسرێتەوە.

گۆڕانکاریی تەکنەلۆژی و سیستمە نوێیەکە

پڕۆسەی بەگەڕخستنەوەی تەلەفۆنی نۆرماڵ لە ساڵی 2025ـەوە دەستیپێکردووە، کە تێیدا وەزارەتی گەیاندن هەوڵی گۆڕینی هێڵە کۆنەکانی داوە بۆ سیستمێکی دیجیتاڵیی سەردەمیانە. ئەم خزمەتگوزارییە نوێیە تەنیا پەیوەندی دەنگی نییە، بەڵکو پەیوەندیی دیجیتاڵی و ئینتەرنێتی پێشکەوتووش بۆ بەکارهێنەران دابین دەکات وەک بەشێک لە وەبەرهێنان لە ژێرخانی دیجیتاڵیدا.

هۆکارەکانی پەککەوتن و شکستی هەوڵەکانی پێشوو

عێراق یەکێک بوو لە یەکەمین وڵاتە عەرەبییەکان لە دابینکردنی تەلەفۆنی نۆرماڵ، بەڵام لە دوای ساڵی 2003 و هاتنی مۆبایل، بەکارهێنانی ئەو سیستمە ڕووی لە نەمان کرد. لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووشدا، بەهۆی جەنگەکانی کەنداو، زۆربەی وێستگەکانی گەیاندن بۆردومان کران. سەرەڕای ئەوەی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق پارەیەکی زۆریان بۆ نۆژەنکردنەوەی تۆڕەکان خەرج کرد، بەڵام بەهۆی بەهەدەردانی داراییەوە پڕۆسەکان شکستیان هێنا.

مێژووی تەلەفۆن لە عێراق

کەرتی پەیوەندییە زەمینییەکان لە عێراق مێژوویەکی دێرینی هەیە، کە گرنگترین وێستگەکانی بریتین لە:

1910: یەکەم خزمەتگوزاریی تەلەفۆن بۆ مەبەستی فەرمی هاتە عێراق.

1919: یەکەم بەدالەی دەستی لە بەغداد دامەزرا.

1921: تەلەفۆن چووە ناو ماڵان و یەکەم کەس "تۆفیق سوەیدی" سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق سوودمەند بوو.

1927: یەکەم فەرمانگەی پەیوەندییە گشتییەکان لە شەقامی ڕەشید کرایەوە.

1932: ژمارەی تەلەفۆنە نۆرماڵەکان گەیشتە 1876 تەلەفۆن لە سەرتاسەری وڵات.

شۆڕش محەمەد

8 کاتژمێر پێش ئێستا