پزیشکیان: دەبێت بە هێزەوە تۆڵەی خوێنی ڕابەرمان بکەینەوە
سەرۆککۆماری ئێران داوای یەکڕیزیی گەلی وڵاتەکەی دەکات بۆ وەرگرتنەوەی خوێنی ڕابەری کۆماری ئیسلامی و هاوکات جەخت لە پێویستیی چاکسازیی ڕیشەیی لە سێکتەرە خزمەتگوزارییەکاندا دەکاتەوە.
تۆڵەکردنەوەی خوێنی ڕابەر
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند، پێویستە ئێرانییەکان بە عیزەت و کەرامەتەوە خوێنی ڕابەری وڵاتەکەیان وەربگرنەوە و تۆڵەی کوشتنی بکەنەوە. جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێت ئەم تۆڵەکردنەوەیە بە هێز و تواناوە بێت نەک بە لاوازی، تاوەکو لەو ڕێگەیەوە ئەمریکا و ئیسرائیل بێئومێد بکەن.
یەکڕیزی و بەرەنگاربوونەوەی پلانەکان
سەرۆککۆماری ئێران داوای لە خەڵکی وڵاتەکەی کرد یەکدەست و هاوکار بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پلانەکانی دوژمن. پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر گەلی ئێران پێکەوە بن و لە پشت یەک ئیمام بوەستن، هیچ هێزێک ناتوانێت بەرامبەریان بوەستێت. هەروەها گوتیشی، ئەگەر خەڵک بزانن حکومەت خزمەتیان دەکات، وەک هەمیشە لە پشت خاک و دەوڵەتەکەیان دەمێننەوە.
کێشە ئابووری و خزمەتگوزارییەکان
پزیشکیان نیگەرانیی خۆی لە دۆخی ئێستای وڵات دەربڕی و ڕایگەیاند، ئەم بارودۆخە جێگەی ڕەزامەندی نییە. ئاماژەی بە بوونی کەموکوڕیی زۆر کرد لە سێکتەرەکانی پەروەردە، تەندروستی، پیشەسازی، کشتوکاڵ، کارەبا و ئاو. بەڵێنی دا کە حکومەتەکەی بە جدی کار بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە بکات و داوای کرد هەر کەسێک لە شوێنی خۆیەوە بۆ پێشکەوتنی وڵات هەوڵ بدات.
بەڕێوەبردنی خەرجییەکان و سامانی نیشتمانی
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆککۆماری ئێران تیشکی خستە سەر پرسی خەرجییەکان و گوتی، لە زۆر بواردا خەرجیی "زیاد لە پێویست" هەیە و دەبێت بە شێوەیەکی دروست ڕێکبخرێنەوە. پزیشکیان باسی لەوە کرد کە ئێران خاوەن سەروەت و سامانێکی زۆرە و بە "گوناح"ی دانا کە بەهۆی کێشەی داراییەوە نەتوانرێت چارەسەری کەسێکی نەخۆش بکرێت، بۆیە جەختی لە گۆڕینی شێوازی بەڕێوەبردنی دارایی وڵات کردەوە.
8 کاتژمێر پێش ئێستا