هەواڵگریی ئیسرائیل: ئێران هەزاران سەنتەرفیوجی گواستووەتەوە بۆ ناو قوڵایی چیاکان
زانیارییە هەواڵگرییە نوێیەکان باس لە گواستنەوەی هەزاران ئامێری پیتاندنی یۆرانیۆم دەکەن بۆ ناوچەیەکی شاخاوی لە ئێران، کە هێرشە ئاسمانییەکان ناتوانن بیپێکن.
گواستنەوەی سەنتەرفیوجەکان بۆ چيای پيکاکاس
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەواڵگریی ئیسرائیل، ئێران لە پاییزی ساڵی ڕابردوودا هەزاران سەنتەرفیوجی پیتاندنی یۆرانیۆمی گواستووەتەوە بۆ ناو تونێلە قووڵەکانی چيای پيکاکاس. ئەم هەنگاوە وەک پێشهاتێکی مەترسیدار دەبینرێت و ترسی وڵاتانی زیاتر کردووە لەوەی تاران خەریکی بونیادنانەوەی خێرای بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێت.
قوڵایی تونێلەکان و ئاستەنگی هێرشە ئاسمانییەکان
ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئیسرائیل لایەنی ئەمریکیی ئاگادارکردووەتەوە کە ئەم گواستنەوەیە دوای شەڕی 12 ڕۆژەی مانگی حوزەیران و بە ئامانجگرتنی 3 وێستگەی ئەتۆمی هاتووە. دامەزراوە نوێیەکان لە قوڵایی زیاتر لە 100 مەتر لە ژێر زەویدان، ئەمەش وادەکات هێرشە ئاسمانییەکان نەتوانن بە ئاسانی ئامێرەکان بپێکن و لەناویان ببەن.
چاودێریی جموجوڵەکان لە 15 مانگی ڕابردوودا
پەیمانگای زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە، لە ماوەی 15 مانگی ڕابردوودا بەردەوام چاودێریی ناوچەکەیان کردووە. لەو ماوەیەدا چالاکیی نائاسایی، هاتووچۆی بارهەڵگرەکان و بەهێزکردنی تونێلەکان تێبینی کراوە. هەروەها جموجوڵ لە دەوروبەری تۆڕێکی تونێلی کۆن کە هی ساڵی 2007ـە و پێشتر داخرابوو، دووبارە دەستیپێکردووەتەوە.
هەڵوێستی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاندووە، ئێران ڕێگەی پێنەداون بچنە ناو ئەو دامەزراوانەی ژێر چيای پيکاکاس و هیچ زانیارییەکی وردیان لەسەر چالاکییەکان نییە. ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە ئاشکرای کرد کە ئێران هەر لە ساڵی 2021ـەوە نیازی خۆی بۆ ئەنجامدانی چالاکیی ئەتۆمی لەو شوێنە بە ئاژانسەکە ڕاگەیاندووە.
مێژووی هێرشەکان و پارێزراویی ناوچەکە
چياى پيکاکاس لە هێرشەکانی ساڵی ڕابردووی ئەمریکا و ئیسرائیلدا نەکراوەتە ئامانج، تەنانەت لە هێرشەکانی دوای 28ـی شوباتیشەوە پارێزراو بووە. شارەزایان نیگەرانن لەوەی ئێران ئەو تونێلانە بۆ هەڵگرتن یان دروستکردنی ئامێری ئەتۆمی و دامەزراندنی وێستگەی بچووکی پیتاندن بەکاربهێنێت کە چاودێرییان لەسەر نییە.
7 کاتژمێر پێش ئێستا