دینار بەهێز دەبێت؛ نرخی 100 دۆلار بۆ 149 هەزار دینار دابەزی
بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو گۆڕانکارییەکی خێرایان بەخۆیەوە بینیوە و لە ماوەی 48 کاتژمێردا نرخی دۆلار بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
نرخەکانی ئێستای دۆلار
ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبوونەوەی تۆمار کرد. بەهای 100 دۆلار لە هەولێر و سلێمانی گەیشتە 149,500 دینار. هاوکات لە بەغدادی پایتەخت نرخەکە نزمترە و 100 دۆلار بە 149,000 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت، لە پارێزگای بەسرەش نرخەکە بۆ خوار 149,000 دینار دابەزیوە.
هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دینار
دانا مەولود، مامەڵەکاری ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی ڕایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی ئەم بەرزبوونەوەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سزا لەسەر 7 بانکی عێراقی لابراوە و لەمەودوا دەتوانن دۆلار لە بانکی ناوەندیی عێراق وەربگرن. ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئێستادا خواست لەسەر دینار زۆر زیاترە بەراورد بە دۆلار، ئەمەش دیناری لە بازاڕەکاندا بەهێز کردووە.
جیاوازیی نرخ لەنێوان هەرێم و بەغداد
بەپێی گوتەی ئەو مامەڵەکارە، نرخی دۆلار لە بەغداد کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هەیە. بە شێوەیەکی جێگیر، جیاوازیی نرخی هەر 100 دۆلارێک لە نێوان بەغداد و شارەکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر و سلێمانی) تەنیا 500 دینارە، بە جۆرێک لە هەرێمی کوردستان 500 دینار گرانترە لە چاو بەغداد.
بەراوردکاریی نرخەکان
لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا، بەهای دۆلار دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. پێشتر بەهای 100 دۆلار بە 152,000 دینار بووە، بەڵام بەپێی نرخەکانی ئێستا، هەر 100 دۆلارێک بڕی 2,500 دینار لە نرخەکەی کەمبووەتەوە.
7 کاتژمێر پێش ئێستا