سوپای پاسداران: سیستمێکی ڕادار و فڕۆکەیەکی F-15ـی ئەمریکمان لە ئوردن تێکشکاندووە

پرژە عەتا 6 کاتژمێر پێش ئێستا
ساتی هەڵدانی مووشەکێک لەلایەن سوپای پاسدارانەوە. فۆتۆ: AFP
ساتی هەڵدانی مووشەکێک لەلایەن سوپای پاسدارانەوە. فۆتۆ: AFP

تاران ئاستی هێرشەکانی بۆ سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە چڕتر کردووەتەوە و ڕایدەگەیەنێت، گەرووی هورمز بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی هێزە چەکدارەکانی ئێراندایە.

تێکشاندنی فڕۆکەی جەنگی و ڕاداری ئەمریکی

سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی هێرشەکانیان بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکی لە خاکی ئوردن، توانیویانە سیستمێکی ڕاداری بەرگریی ئاسمانی و فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری F-15 تێکبشکێنن. هەروەها جەختیان کردووەتەوە کە لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی ڕوکبانی ئوردن، ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی کوژراون. پاسداران دەڵێت ئەو ئامارەی وەزیری جەنگی ئەمریکا بۆ کوژراوەکانی ڕایگەیاندووە، لە ژمارە ڕاستەقینەکە کەمترە.

بەئامانجگرتنی کۆمپانیای ئەمازۆن لە بەحرەین

وەک وەڵامێک بۆ هێرشکردنە سەر وێستگەی ئەتۆمیی دارخوین لە پارێزگای خوزستان، سوپای پاسداران ڕایگەیاند کە بە مووشەکی کرووز ژێرخانی کۆمپانیای ئەمازۆنی ئەمریکییان لە وڵاتی بەحرەین کردووەتە ئامانج. ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە ستراتیژیی وەڵامدانەوەی ئێران بۆ لێدانی بنکە ئەتۆمییەکانی ناو خاکی وڵاتەکەی دەبینرێت.

کۆنترۆڵکردنی تەواوی گەرووی هورمز

ئاژانسی فارس لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران ئێستا بە تەواوی کۆنتڕۆڵی گەرووی هورموزیان کردووە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کردووە کە تاوەکو هەنگاوە دوژمنکارییەکانی ئەمریکا بەردەوام بن، هیچ کەشتییەک ڕێگەی پێ نادرێت بە گەرووەکەدا تێپەڕێت و هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی هاتوچۆی دەریاییدا ڕوونادات.

بەرپرسیارێتیی ئاسایشی دەریاوانی

بەرپرسانی سەربازیی ئێران ڕایانگەیاندووە کە هەر بڕیارێک بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز یان بەردەوامبوونی ڕێگرییەکان، بەگوێرەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی تاران دەبێت. ئاسایشی دەریاوانیی ئێران جەختی کردووەتەوە کە بەرپرسیارێتیی هەر تێکچوونێک لە ئاسایشی ناوچەکەدا دەکەوێتە ئەستۆی ئەمریکا، چونکە واشنتن لە ڕێگەی کارە سەربازییەکانییەوە دۆخەکەی ئاڵۆز کردووە.

پرژە عەتا

6 کاتژمێر پێش ئێستا