ژمارەیەک تۆڕی بەقاچاخبردنی دراو لە بەغداد و سلێمانى و کەرکووک دەستگیرکران

کیژان مەحمود 6 کاتژمێر پێش ئێستا
ژمارەیەک تۆڕی بەقاچاخبردنی دراو لە بەغداد و سلێمانى و کەرکووک دەستگیرکران
ژمارەیەک تۆڕی بەقاچاخبردنی دراو لە بەغداد و سلێمانى و کەرکووک دەستگیرکران

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، دەستگیرکردنی چەند تۆڕێکی بەقاچاخبردنی پارەی لەنێوان چەند شارێک ڕاگەیاند و لەبارەی شێوازی کارکردنی تۆڕەکانەوە گوتی "ئەو تۆڕانە لە بەغداد، سلێمانی و کەرکووک، لە ڕێگەی ماستەرکاردەوە دراویان بە قاچاخبردووە و دەست بەسەر زیاتر لە 1 ملیار دیناردا گیراوە".

دەستگیرکردنی تۆڕێک لە دیالە

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەبارەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێک لە دیالە ئاماژەی بەوە کردووە بە پشت بەستن بە زانیاریی هەواڵگریی ورد و هەبوونی ڕەزامەندیی دادگا، توانیویانە لە شاری دیالە، تۆڕێکی بەقاچاخبردنی دراو لە ڕێگەی ماستەرکاردەوە، لەنێوان شارەکانی بەغداد و سلێمانی دەستگیربکەن، دەزگاکە لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی کەرەستەکانەوە دەشڵێت، بەهۆیەوە ژمارەیەک تۆمەتبار دەستگیرکراون کە ئامێر و کارتی دیکەیان پێبووە بۆ بەقاچاخبردنی پارە.

دەستبەسەرداگرتنی ماستەرکارد و سیمکارت لە کەرکووک

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەبارەی دەستگیرکردنی تۆڕێک لە کەرکووک ڕاشیگەیاندووە، لە کەرکووک توانراوە تۆڕێکی 6 کەسی دەستگیربکرێن کە 251 ماستەرکارد و 252 سیمکارتیان پێبووە و بەکارهێنراون بۆ بەقاچاخبردنی دراوەکان لە دەرەوەی وڵات.

دەستگیرکردنی تۆمەتباران و دەستبەسەرداگرتنی دۆلاری ساختە لە نەینەوا و بەغداد

هەروەها لە نەینەوا کەسێک دەستگیرکراوە کە زیاتر لە 100 هەزار دۆلاری ساختەی پێبووە، لە بەغداد و لە چالاکییەکی دیکەدا داواکراوێک دەستگیرکراوە کە زیاتر لە 1 ملیار و 324 ملیۆن دیناری عێراقی و 256 هەزار دۆلاری پێبووە.

دەستگیرکردنی تۆڕەکانی ساختەکاریی دارایی لە بەسڕە

هاوڕێ لەگەڵ ئەوەشدا، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان لە بەسڕە باسی لەوە کردووە، لە بەسڕە توانرا ژمارەیەک چالاکی ساختەکاریی دارایی دەستگیربکرێن، بەوپێیەی تۆمەتباران هەژماری ساختەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکردووە و ڕیکلامیان کردووە بۆ فرۆشتنی دۆلاری بلۆککراو، یاخود پارەی لیبی، لە کاتی ڕێککەوتنیش لەگەڵ ئاڵوگۆڕی دراوەکە پارەی ساختە دەدرایە هاوڵاتییان و 4 تۆمەتبار لە کاتی تاوانەکەدا دەستگیرکراون کە 10 هەزار دۆلاری ساختەیان پێبووە.

ڕەوانەکردنی تۆمەتباران بۆ دادگا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاندووە، سەرجەم تۆمەتباران و پەڕاوەکانیان ڕەوانەی لایەنی پەیوەندیدار کراون بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست لەبەرامبەریاندا.

کیژان مەحمود

6 کاتژمێر پێش ئێستا