پێویستە هەموو 10 ساڵ جارێک ڤاکسینی دەردەکۆپان بکرێت
دەردەکۆپان یەکێکە لەو نەخۆشییە کوشندانەی کە دەکرێت لە برینێکی بچووکەوە تووشی ببیت، بەڵام خۆشبەختانە ڤاکسینی هەیە و دەتوانین ڕێگری لە تووشبوونمان بکەین، گرفتەکە ئەوەیە کە هۆشیارییەکی ئەوتۆ لەسەر ئەم ڤاکسینە نییە و خەڵکی بەگوێرەی پێویست نایکەن.
دەردەکۆپان یان گەزاز، نەخۆشییەکە بەهۆی بەکتریای کلۆستریدیەم تیتانییەوە دروستدەبێت، ئەم بەکتریایە لەناو ژینگە و خۆڵدا هەیە و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە ناگوازرێتەوە، ئەگەر کەسێک شوێنێکی بریندار ببێت، بزمارێک بچێت بە دەستیدا، یان ئاژەڵێک بیگەستێت، ئەگەری تووشبوونی بەم نەخۆشییە هەیە.
ئەم بەکتریایە نابێتەهۆی هەوکردن، بەڵکو ژەهراویبوون دروستدەکات، لەناو بریندا کە ئۆکسجین کەمە، بەکتریاکە دەست بە زیادبوون دەکات و ژەهرێک دەردەدات، ئەم ژەهرەیە کە دەبێتەهۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکە.
ئەم ژەهرە ئاماژە دەمارییەکانی خاوبوونەوەی ماسولکەکان دەوەستێنێت، هەربۆیە ماسولکەکان بە بەردەوامی گرژ دەبن، وایلێدێت ماسولکەی شەویلگەی ڕەق دەبێت، ماسولکەکانی پشتی بە جۆرێک ڕەق دەبن کە جەستەی قەوس دەبێتەوە و شێوەی کۆپانی دەبێت، هەندێجار بڕبڕەی پشتی کەسەکە بەهۆی گرژبوونی زۆری ماسولکەکانیەوە دەشکێن، لەلایەکی دیکەوە ماسولکەکانی هەناسەدان و قوڕگیشی گرژدەبن و گرفتی قوتدان و هەناسەدانیشی بۆ دروستدەبێت، ئەمە لە کاتێکدا کە فشاری خوێنیشی بەرزدەبێتەوە، تووشی تا و خێرالێدانی دڵیش دەبێت.
خۆشبەختانە نەخۆشییەکە ڤاکسینی هەیە، بە جۆرێک هەموو منداڵێک لە تەمەنی 2-4-6 مانگیدا ڤاکسینەکەی بۆ دەکرێت و لە تەمەنی ساڵ و نیو لەگەڵ چوار ساڵیدا ژەمی چالاککەریان بۆ دەکرێت.
ئەم ژەمە چالاککەرانە تاوەکو 10 ساڵ کاریگەرییەکانیان دەمێننەوە، واتە پێویستە تا کۆتایی ژیان هەموو 10 ساڵ جارێک ئەم چالاککەرە وەربگیرێت، ئەگەر کەسێکیش برینداربوو و بەرکەوتنی لەگەڵ خۆڵ یان ژینگەدا هەبوو و لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوویدا دەرزییەکەی نەکردبوو، ئەوا پێویستە دەستبەجێ پاش برینداربوون ئەم دەرزییەی بۆ بکرێت.
لەلایەکی دیکەشەوە هەموو خانمێکی دووگیان پێویستە ئەم ڤاکسینە بکەن.
بەم شێوازانە دەتوانیت خۆت لە تووشبوون بەم نەخۆشییە کوشندەیە بپارێزیت.
7 کاتژمێر پێش ئێستا