لە 11 ڕۆژدا 108 ملیار دینار زیادیکرد؛ مەتەڵی تێچووی پڕۆژەی ئاوی بارزان لە نێوان داتاکانی حکومەتدا

کەناڵ8 7 کاتژمێر پێش ئێستا
پرۆژەی ئاوی بارزان لە 11 ڕۆژدا 108 ملیار دیناری بۆ زیادکرا
پرۆژەی ئاوی بارزان لە 11 ڕۆژدا 108 ملیار دیناری بۆ زیادکرا

بەپێی بەراوردی داتا فەرمییەکانی خودی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تێچووی پڕۆژەیەک لە نێوان دوو ڕاپۆرتی حکومیدا بە بڕی 108.5 ملیار دینار جیاوازی تێدایە.

ڕاگەیاندنی پڕۆژەکە لە ڕۆژی کردنەوەیدا

ڕۆژی 19ـی تەممووزی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی وێستگەی پاڵاوتن و گەیاندنی ئاوی لە دەڤەری بارزان کردەوە. لە کاتی کردنەوەی پڕۆژەکەدا ڕاگەیەندرا کە تێچووەکەی 138.5 ملیار دینار بووە و بۆ گەیاندنی ئاوە بۆ 53 گوندی دەڤەرەکە، کە بڕیارە 53,000 کەس لێی سوودمەند بن.

داتاکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری

تەنیا 10 ڕۆژ پێش کردنەوەی پڕۆژەکە، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 9ـی تەممووزدا ڕاپۆرتی کار و چالاکییەکانی کابینەی نۆیەم و پڕۆژەکانی بڵاوکردەوە. لەو ڕاپۆرتە فەرمییەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەمان پڕۆژەی گەیاندن و دانانی تۆڕی ئاو لە دەڤەری بارزان بە تێچووی تەنیا 30 ملیار دینار جێبەجێ کراوە.

جیاوازییە گەورەکە لە تێچوو و کاتدا

بەپێی بەراوردی ئەم دوو سەرچاوە فەرمییەی حکومەت، لە ماوەی تەنیا 11 ڕۆژدا تێچووی پڕۆژەکە لە 30 ملیار دینارەوە بۆ 138.5 ملیار دینار بەرزبووەتەوە. ئەمەش دەری دەخات کە بڕی 108.5 ملیار دینار جیاوازی لە نێوان داتای فەرمانگەی میدیا و زانیاری و ئەو نرخەدا هەیە کە لە کاتی کردنەوەی پڕۆژەکەدا ڕاگەیەندراوە.

گۆڕانکاری لە ژمارەی گوندەکان

جگە لە جیاوازیی دارایی، جیاوازی لە قەبارەی پڕۆژەکەشدا هەیە؛ ڕاپۆرتەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بە گەیاندنی ئاو بۆ 51 گوند کردووە، بەڵام لە کاتی کردنەوەی پڕۆژەکەدا ژمارەی گوندەکان بۆ 53 گوند زیاد کراوە، ئەمەش نیشانەی ناڕوونییە لە داتا فەرمییەکاندا.

داواکاری بۆ لێکۆڵینەوە و ڕوونکردنەوە

چاودێرانی دارایی جەخت دەکەنەوە کە بڕی 108.5 ملیار دینار پارەیەکی زۆرە و دەتوانرێت چەندین پڕۆژەی دیکەی پێ جێبەجێ بکرێت. داوا دەکرێت وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی ڕوونکردنەوە بدەن و دەستەی دەستپاکی لێکۆڵینەوە لەم کەیسە بکات بۆ ئەوەی بزانرێت هۆکاری ئەم جیاوازییە گەورەیە لە تێچووی پڕۆژەکەدا چییە.

کەناڵ8

7 کاتژمێر پێش ئێستا