هەڤاڵ ئەبوبەکر: پلانمان هەیە بەنزین بە 850 دینار بگاتە هاوڵاتیان و دەرگای هاوردەکردنمان واڵا کردووە

کەناڵ8 7 کاتژمێر پێش ئێستا
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگارى سلێمانى
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگارى سلێمانى

پارێزگاری سلێمانی ڕوونکردنەوە لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیاری نوێی نرخی سووتەمەنی دەدات و جەخت لە پاراستنی کوالێتی و مافی بەنزینخانەکان دەکاتەوە.

پابەندبوون بە نرخی بەنزینی حکومی

دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، بڕیاری دیاریکردنی نرخی بەنزینی حکومی لە سلێمانی پێشتریش جێبەجێ کراوە و ئێستاش پابەندن بەو نرخەوە. ئاماژەی بەوە کرد ئەو بڕە بەنزینەی بە فەرمی لەلایەن حکومەتەوە دابین دەکرێت، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانییەوە بەسەر چەند بەنزینخانەیەکدا دابەش دەکرێت و بە نرخی فەرمیی دیاریکراو دەفرۆشرێت.

دیاریکردنی نرخی بەنزینی بازرگانی

سەبارەت بە نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی، پارێزگاری سلێمانی ڕوونی کردەوە کە پاڵاوگە گەورەکان لە ژێر چاودێریی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نرخەکە دیاری دەکەن. وابڕیارە کاتێک بڕی پێویست بەو نرخە نوێیە گەیشت، بە مەرجی زامنکردنی کوالێتی و پاراستنی مافی یاسایی سوودی دارایی بەنزینخانەکان، بەنزینی نۆرماڵ بە 850 دینار بگاتە دەستی هاووڵاتییان.

هاوردەکردنی سووتەمەنی لە دەرەوە

هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو لایەک سەرپشک کراون کە بەنزین و سووتەمەنی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە هاوردەی بازاڕەکان بکەن. مەرجی سەرەکی بۆ ئەم پڕۆسەیە ئەوەیە کە سووتەمەنییە هاوردەکراوەکان لە ژێر چاودێریی لایەنە فەرمییەکاندا بن و هاوتای مەرج و کوالێتییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بن.

کەناڵ8

7 کاتژمێر پێش ئێستا