ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق سزای زیندانیکردنی بۆ بەڕێوەبەری خانووبەرەی ناسریە و هاوسەرەکەی دەرکرد

شۆڕش محەمەد 7 کاتژمێر پێش ئێستا
باڵەخانەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق
باڵەخانەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق

ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق سزای 5 ساڵ زیندانیکردنی توندی بۆ بەڕێوەبەری خانوبەرەی شارەوانیی ناسریە و هاوسەرەکەی دەرکرد، ئەمەش دوای سەلماندنی تۆمەتی دەوڵەمەندبوونی نایاسایی و زیادبوونی گوماناویی سامانی تایبەتییان دێت، کە لە چوارچێوەی هەڵمەتە فراوانەکانی حکومەت و دەستەی دەستپاکی بۆ ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی سامانی گشتی جێبەجێ دەکرێت.

ماوەی سزاکە و وردەکاریی تۆمەتەکان

ئەنجوومەنی دادوەری لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی ماوەی سزاکەوە ئاماژەی بەوە کردووە، دادگای کەتنی ناسریە، سزای 5 ساڵ زیندانیکردنی توندی بۆ بەڕێوەبەری خانوبەرەی شارەوانیی ناسریە و هاوسەرەکەی دەرکرد، ئەوەش بە تۆمەتی دەوڵەمەندبوون و زیادبوونی سەروەت و سامانەکەیان بە شێوەیەکی نایاسایی.

پۆستی کارگێڕیی تۆمەتباران لە فەرمانگەکەدا

تۆمەتبار جگە لەوەی بەڕێوەبەری خانوبەرەی شارەوانیی ناسریە بووە، لە هەمان کاتدا هاوسەرەکەی وەک فەرمانبەر لەگەڵیدا لە بەشی ڕێکخستنی شارەکان لە هەمان فەرمانگە کاری کردووە.

پشتبەستن بە یاسای دەستەی دەستپاکی

ئەنجوومەنی دادوەری لەبارەی بنەما یاساییەکانی بڕیارەکەوە ئاماژەی بەوەش کردووە، سزاکە بەگوێرەی حوکمەکانی ماددەی 19/ سێیەم لە یاسای دەستەی دەستپاکی و دەوڵەمەندبوونی نایاسایی ژمارە 30ـی ساڵی 2011 و بە پشتبەستن بە ماددەکانی (47، 48، 49) لە یاسای سزادان دەرچووە.

هەڵمەتی حکومەت بۆ گەڕاندنەوەی سامانی گشتی

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵمەتێکی بۆ لەناوبردنی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی سامانی گشتی دەستپێکردووە و لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا تاوەکو ئێستا ژمارەیەک لە بەرپرس و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستگیرکراون.

شۆڕش محەمەد

7 کاتژمێر پێش ئێستا