سوپای تورکیا لە گوندێکی دیکەی عەفرین کشایەوە
سوپای تورکیا لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی بۆ کشانەوە لە هەندێک ناوچەی شاری عەفرین، سەربازەکانی لە گوندێکی دیکەی ناوچەکە کشاندەوە و بەپێی زانیارییەکان، لە ئەمڕۆوە ڕێگە بە دانیشتووانی ناوچەکە دەدرێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
چۆڵکردنی سەربازگەی گوندی چیێ
سەرچاوەیەک لە گوندی "چیێ"ی سەر بە عەفرین بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ سوپای تورکیا سەرجەم سەربازەکانی لە سەربازگەی خۆی لە گوندەکە کشاندووەتەوە.
ڕێگەدان بە گەڕانەوەی دانیشتووانی گوندەکە
سەرچاوەکە لەبارەی گەڕانەوەی هاونیشتمانییانەوە ئاماژەی بەوەش کرد، سێ سەربازی تورکیا بە کەسێکی گوندەکەیانی ڕاگەیاندووە کە لە ئەمڕۆ سێشەممەوە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ گوندەکەیان.
مێژووی دروستکردنی سەربازگەکە لە ناوچەی ڕاجۆ
سوپای تورکیا لە ساڵی 2018ەوە سەربازگەی لە گوندی "چیێ"ی سەر بە ناوچەی ڕاجۆ دروست کردبوو، لەو کاتەوە ڕێگەی نەدەدا هیچ هاونیشتمانییەک بگەڕێتەوە بۆ گوندەکە.
گواستنەوەی سەربازەکان بۆ گوندێکی دیکە
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە کەناڵ8 لە سەرچاوەیەکەوە لە گوندی "چیێ" دەستی کەوتووە، سوپای تورکیا سەربازەکانی لە سەربازگەی گوندی "چیێ"وە گواستووەتەوە بۆ سەربازگەی گوندی "دەروێش".
کۆبوونەوەی جەنەڕاڵەکانی تورکیا لەگەڵ ئیدارەی عەفرین
بەرپرسی نووسینگەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە عەفرین (ئەنەکەسە) لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ کشانەوە بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، پێش چەند ڕۆژێک ژمارەیەک لە جەنەڕاڵەکانی سوپای تورکیا لەگەڵ ئیدارەی عەفرین کۆبوونەتەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا ئاماژەیان بەوە دابوو کە ئامادەکاری بۆ کشانەوە دەکەن.
کشانەوەی پێشتری سوپای تورکیا لە باسلێ
سوپای تورکیا پێش چەند ڕۆژێکیش بە تەواوی لە گوندی "باسلێ"ی سەر بە شاری عەفرین کشابووەوە.
بەردەوامیی هەبوونی سەربازگەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا
سەرباری کشانەوەی لەو دوو گوندەی عەفرین، بەڵام تاوەکو ئێستا سەربازگەکانی تورکیا لە گوندەکانی "جلبرێ"، "شێخورزێ" و "دەروێش"ی سەر بە شارەکە ماونەتەوە و هاونیشتمانییانی ئەو گوندانە ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان، هەروەها سەربازگەیەکی سوپای تورکیا لە نزیک گوندی "باسوفانێ"ش هەیە.
چۆڵکردنی خاڵە سەربازییە بچووکەکان
شان بە شانی هەبوونی ئەو سەربازگانە، هەندێک خاڵی بچووکی سوپای تورکیا لە عەفرین هەن، کە پێشتر خاڵی سەربازیی گوندی "دێر بەلووت" و خاڵی سەربازیی ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی "جندرێس"یان چۆڵ کردبوو.
6 کاتژمێر پێش ئێستا