وەزارەتی ئەوقاف لینکێکی بۆ ناو تۆمارکردنی حەج کارا کرد
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان پرۆسەی ناو تۆمارکردنی بۆ فەریزەی حەجی ساڵانی 2027 و 2028 لە ڕێگەی سیستمێکی ئەلیکترۆنییەوە ڕاگەیاند، خوازیارانی حەج دەتوانن لە ڕێگەی ئەو لینکەوە ناوی خۆیان تۆمار بکەن. هەروەها بەگوێرەی وەزارەتەکە پرۆسەکە بۆ ماوەی 15 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و پێویستی بە چەند بەڵگەنامەیەکی فەرمیی هاونیشتمانییان هەیە.
کاتی کارابوونی لینکەکە و ماوەی تۆمارکردن
لەوبارەیەوە کاروان ستوونی، گوتەبێژی وەزارەتەکە لەبارەی وردەکاریی کارابوونی سیستمەکەوە بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، لینکەکە بە ناوی "دەروازەی حەج"ـەوەیە و لە ئەمڕۆ 21ـی تەمموز کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆوە کارا بووە و بۆ ماوەی 15 ڕۆژ واتە تاوەکو 5ـی ئاب لینکەکە بەردەست دەبێت بۆ ناو تۆمارکردن بۆ حەجی ساڵی داهاتوو و ساڵی 2028.
مەرجەکان و ئاسانکارییەکانی سیستمەکە
کاروان ستوونی لەبارەی مەرجەکانی بەشداریبوون و هاووڵاتییانی ساڵی پێشووەوە گوتی: "ناو تۆمارکردنەکە لە لینکەکە خۆڕاییە و پاسپۆرت و کارتی زانیاری، هەروەها UPN - تۆماری کەسیی بێهاوتا پێویستە." گوتەبێژی وەزارەتەکە لەبارەی زانیاریی تۆمارکراوانی پێشووشەوە گوتی: "ئەم سیستمە کارئاسانی دەکات بۆ ئەو هاونیشتمانییانەی ساڵی ڕابردوو ناوی خۆیان تۆمارکردووە و ئەمساڵیش ناویان هەر ماوە و زانیارییەکانیان نەفەوتاوە و پێویست بە دووبارە ناو تۆمارکردنەوە ناکات."
ئاماری بەشداربووان و پشکی هەرێمی کوردستان
ئەم لینکەی دەروازەی حەج، ساڵی ڕابردوو دروستکراوە و کاروان ستوونی لەبارەی سەرکەوتنی سیستمەکە و ژمارەی بەشداربووانەوە گوتی، بەهۆی سەرکەوتووبوونی پرۆژەکە، ئەمساڵ دووبارە کاراکراوەتەوە و گوتیشی، ساڵی ڕابردوو لە ڕێگەی ئەو سیستمەی دەروازەی حەجەوە زیاتر لە 89 هەزار هاونیشتمانی ناوی خۆیان بۆ فەریزەی حەج تۆمارکردووە، لەکاتێکدا پشکی حاجییانی هەرێمی کوردستان بۆ حەج، 5 هەزار و 120 کەسە.
بۆ تۆمارکردنی ناوت بۆ فەریزەی حەج کلیک بکە
6 کاتژمێر پێش ئێستا