چیرۆکی پشت فۆتۆ بەناوبانگەکەی لیۆ مێسی و یامال بزانە
چەند فۆتۆیەک کە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵی 2007 هێندە سەرنجراکێش نابن، بەڵام کێ دەیزانی دوای 19 ساڵ ئەم فۆتۆیانە دونیای سۆشیاڵ میدیای تەنیوە و باسی لێوەدەکرێت.

خێزانە هەڵبژێردراوەکە
ئەو فۆتۆ بەناوبانگەی کە لیۆ میسی لە تەشتی حەمامدا لامین یامالی بەدەستەوەیە، ماوەی دوو ساڵە باس و خواسی ڕۆژنامەکان و سۆشیال میدیایە، تا وای لێهاتووە چیرۆکی پشت ئەم فۆتۆیە بەلای خەڵکەوە گرنگ بێت.
ساڵی 2007، بەرشلۆنە لەگەڵ ریکخراوی یونسێف خەریکی کارێکی خێرخوازین، بۆ ئەم مەبەستەش پیویستییان بە چەند خیزانێکە کە منداڵە بچووکەکانیان بەکاربهێنن لە کاری فۆتۆگرافیدا و لەگەڵ یاریزانانی بەرشلۆنە بن.
یەکێک لەو خیزانانەی کە لە رێگەی تیروپشکەوە دەرچوو، خێزانی یامال بوو، دایکێک بە خۆی و منداڵە شەش مانگانەکەی دێنە بەردەم لیۆ مێسی، کە ئەوکات گەنجێکی 20 ساڵانە و تازە دەدرەوشێتەوە لە ئەورووپا.
ئەم فۆتۆیانە لەلایەن فۆتۆگرافەر خوان مۆنفۆرت گیراوە، ئەوکات لە ئاژانسی ئەی پی کاری کردووە، ئەم فۆتۆگرافەرە باسی ئەو ساتە دەکات کە لەوێ بووە و پرۆسەی وێنەگرتنەکەی کارێکی سەخت ناوبرد.
"بەڕاستی ئارەقم ڕشت تاوەکو ئەو فۆتۆیانەم گرت، لیۆ مێسی کوڕێکی شەرمن بوو بە ئێستاشەوە هەر وایە، لە سەرەتادا کە یامالی بچووکیان کردە باوەشی هیچ کاردانەوەی نەبوو، نەیدەزانی چۆن منداڵیش بگرێت، بەتایبەت ئەگەر منداڵەکە بگری نەیدەزانی ژیری بکاتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا فۆتۆکانم گرت و زۆر باشیش دەرچوون."
خوان مۆنفۆرت، فۆتۆگرافەر.

دوای 19 ساڵ چارەنووس بەیەکی گەیاندنەوە
فۆتۆکان تاوەکو 2024ـیش لە ئەرشیفدا مابوونەوە، تا ئەوکاتەی خەریکە لامین یامال دەبێتە سوپەر ستار، دواتر فۆتۆکان لە هەژماری فەرمی بەرشلۆنە بڵاودەبنەوە و وەکو بۆمبێک دەتەقێتەوە لە سۆشیاڵ میدیا.
ئەوەی چیرۆکەکەی جوانتر کردووە ئەوەیە کێ دەیزانی ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو منداڵە بچووکە ئەستێرەیەکی گەورەی لێ دروستدەبێت و دوای 19 ساڵ ڕووبەڕووی ئەو کەسە دەبێتەوە کە لە باوەشی گرتووە، بەڵام ئەفسانەیەکی زیندووە و هەموو مێژووی تۆپی پێی داگیرکردووە.
لە هەموو سەیرتر چارەنووس دوای 19 ساڵ، لامین یامالی تەمەن 19 ساڵی لە ڕێککەوتی 19ـی مانگ لە یاریی کۆتایی مۆندیال ڕووبەڕووی ئەو ئەفسانەیە کردەوە و تەنانەت نازناوەکەشی لێدەبات.

21/07/2026