لە وەرتێ کارمەندێکی پڕۆژەی ڕووناکی لە کاتی کارکردندا گیانی لەدەستدا

کیژان مەحمود 5 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێکی گشتی شارەدێی وەرتێ
دیمەنێکی گشتی شارەدێی وەرتێ

گەنجێکی 21 ساڵی خەڵکی کفری و کارمەند لە پڕۆژەی ڕووناکی، لەکاتی کارکردندا بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستدا.

گەنجەکە خەڵکی شارۆچکەی کفرییە لە گەرمیان

نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە پێش کاتژمێر 12، لە گوندی ڕەژووکەریانی سەر بە شارەدێی وەرتێ، کارمەندێکی پڕۆژەی ڕووناکی بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستدا، کوڕەکە ناوی یوسف مورادە و 21 ساڵە و هاوسەگیریی نەکردووە، گەنجەکە خەڵکی شارۆچکەی کفرییە لە گەرمیان.

گەنجەکە هەر لە شوێنی ڕووداوەکە گیانی لە دەستداوە

بەگوێرەی زانیارییەکان ئەو کارمەندەی پرۆژەی ڕووناکی، لە پاش ڕووداوەکە گەیێنراوەتە بەشی فریاکەوتنی شارەدێی قەسرێ لە سنووری شارۆچکەی چۆمان، بەڵام هەر لەشوێنی ڕووداوەکه گەنجەکە گیانی له دەستدابوو، دواتر تەرمەکەی بۆ پزیشکی دادی سۆران گواسترایەوە.

لە پاش ئەنجامدانی توێکاریی تەرمەکەی بەڕێکرایەوە شارۆچکەی کفری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان .

لەبەر نەبوونی هەلی کار لەگەل خێزانەکەی ڕوویکردبووە سۆران

ئەو گەنجە، هەشت مانگ زیاترە لەبەر نەبوونی هەلی کار و دابینکردنی بژیوی خۆی خێزانەکەی کە باوکی نەخۆشی درێژخایەنی هەیە، ڕوویکردووەتە سۆران و لەوێ بووەتە کارمەندی پرۆژەی ڕووناکی و ئەمڕۆ بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستدا.

کیژان مەحمود

5 کاتژمێر پێش ئێستا