بازرگانیى عێراق کۆتاییهاتنى وەرزى بە بازاڕکردنى گەنمى ڕاگەیاند
وەزیرى بازرگانیى عێراق، کۆتاییهاتنى وەرزى بە بازاڕکردنى گەنمى بۆ ساڵى 2026 ڕاگەیاند و نزیکەى پێنج ملیۆن تۆن گەنم وەرگیراوە.
بڕی گەنمی وەرگیراو لە کۆگاکانی وەزارەت
مستەفا نزار عانی، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە پرۆسەکە کۆتایهاتووە و بڕی گەنمی وەرگیراو لە کۆگاکانی وەزارەت گەیشتووەتە نزیکەی چوار ملیۆن و 800 هەزار تۆن.
لە چەند ڕۆژی داهاتوو گوژمەی نوێی شایستە داراییەکانی جووتیاران خەرج دەکرێت
ئاماژەى بەوەشکرد، وەزارەتەکەى بەردەوامە لە ڕێکارەکانی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ ساڵانی 2025 و 2026 و لە چەند ڕۆژى داهاتوودا گوژمەیەکى نوێ خەرج دەکرێت.
گرەنتیکردنی ئاسایشی خۆراک تا وەرزی داهاتوو
بەگوتەى وەزیرى بازرگانى، ئاسایشی خۆراک لە بەرهەمی گەنمدا، تاوەکو دەستپێکردنی وەرزی داهاتوو بە تەواوی گرەنتى کراوە.
کردنەوەی دەرگای گواستنەوەی ناوخۆیی بۆ ساخکردنەوەی گەنمی جوتیاران
لەبارەى ئەو بڕە گەنمەی کە لە هەندێک پارێزگا وەرنەگیراوە چ ئەوانەی لەناو پلانی کشتوکاڵیدان یان لە دەرەوەی پلانەکەن، وەزیرى بازرگانیى عێراق ڕوونیکردەوە، دەرگای گواستنەوەی گەنم لە نێوان پارێزگاکاندا دەکرێتەوە و ڕێگە بە جووتیاران دەدرێت گەنمەکەیان لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا بگوازنەوە و مامەڵەی پێوە بکەن.
گوتیشى "بۆ بڕە زیادەکانیش دوای دیاریکردن و هەژمارکردنی پێداویستیی ناوخۆیی بۆ وەرزی داهاتوو، تاوتوێى کردنەوەی دەرگای هەناردەکردن دەکرێت".
5 کاتژمێر پێش ئێستا