عێراق و تورکیا گۆڕانکارییەکانى پڕۆژەى ڕێگەى گەشەپێدان تاوتوێ دەکەن
وەهب سەلمان، وەزیرى گواستنەوەى عێراق، ڕایگەیاند، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەى ستراتیجیی ڕێگەى گەشەپێدان کە عێراق و تورکیا بە بەشداریی ئیمارات و قەتەر خێراتر دەکرێن.
کۆبوونەوەکە لە بەغداد بەڕێوەچووە
بەگوێرەى ڕاگەیێنراوى وەزارەتى گواستنەوەى عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـى تەممووزى 2026، وەهب سەلمان، وەزیرى گواستنەوەى عێراق، لەگەڵ عەبدولقادر ئۆڕاڵ، هاوتا تورکییەکەى و شاندى یاوەرى لە بەغداد کۆبووەتەوە.
تاوتوێکردنی دۆسییە هاوبەشەکان
وەزارەتى گواستنەوە لە ڕاگەیێنراوەکەدا، ئاماژەى بەوەکردووە، شاندى تورکی، کە لە کەسانى شارەزا و پسپۆڕ لە بوارى گواستنەوە پێکهاتبوون، لەگەڵ تیمى هونەرى و تەکنیکیى تایبەت لە وەزارەتى گواستنەوەى عێراق کۆبوونەتەوە و دۆسییە هاوبەشەکان تاوتوێکراوە.
ڕێککەوتنی چوار قۆڵی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگای گەشە
لە مانگى نیسانى 2024، عێراق و تورکیا و ئیمارات و قەتەڕ، ڕێککەوتنێکى چوار قۆڵییان بەمەبەستى جێبەجێکردنى پڕۆژەى گەشەپێدانى عێراق، بە سەرپەرشتى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى پێشووى عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا واژۆکرد.
پرۆژەیەک بۆ پەرەپێدانی ئابووری لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا
پڕۆژەکە، ڕێگەیەکى وشکانى و ئاسنین بە درێژایی 1200 کیلۆمەتر لەناوخۆى عێراق لەخۆ دەگرێت، کە دەبێتە هۆى پەرەپێدانى تەواوى ئابووریی لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا، لەگەڵ زیادبوونى بازرگانى نێودەوڵەتى و ئاسانکاریی ڕێگەى گواستنەوەى کاڵا و شمەک بۆ هەموو جیهان.
بودجەی تەرخانکراوی پرۆژەکە
بودجەى تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکە خۆى دەدات لە 17 ملیار دۆلار، دابەشکراوە بەسەر بەشە جیاوازەکانى پڕۆژەکەدا کە، 4.5 ملیار دۆلار بۆ ڕێگەى خێرا و 10.5 ملیار دۆلار بۆ ڕێگەى هێڵى ئاسنینیی کارەبایی، هاوکات جێبەجێکردنى پڕۆژەکە بە سێ قۆناغ دەبێت کە قۆناغى یەکەم لە 2028 دەبێت و قۆناغى دووەم لە 2033 و قۆناغى سێیەم و کۆتایی پڕۆژەى ڕێگەى گەشەپێدان، لە 2050 تەواو دەکرێت.
پێشبینیی دەکرێت، ڕێگەى گەشەپێدان، هەلى کار بۆ 100 هەزار کەس لە قۆناغى یەکەم و ملیۆنێک هەلى کار لە قۆناغەکانى کۆتایی دابین بکات، ئەوەش دەبێتە هۆکارێکى گەورە بۆ بوژانەوەى ئابووریی و هاریکارى هەرێمى و نێودەوڵەتى.
6 کاتژمێر پێش ئێستا