تەندروستیی هەڵەبجە داوای ئامێرێکی قەستەرەی دڵی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق کردووە

ژوان نیزام 4 کاتژمێر پێش ئێستا
ئامێری تایبەت بە قەستەرەی دڵ
ئامێری تایبەت بە قەستەرەی دڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێت، وەزیری تەندروستیی عێراق ڕەزامەندیی لەسەر دابینکردنی ئامێرێکی قەستەرەی دڵ بۆ پارێزگای هەڵەبجە دەربڕیوە کە پێویستیی بە زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلارە.

وەزیری تەندروستیی عێراق ڕەزامەندی لەسەر ئامێری قەستەرەکە دەربڕیووە

ڕێکەوت حەمەڕەشید، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیوویەتی، وەزیری تەندروستیی عێراق لەسەر داواکاریی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای هەڵەبجە ڕەزامەندیی بۆ دابینکردنی ئامێرێکی قەستەرەی دڵ بۆ نەخۆشخانەی شارەکە دەربڕیوە.

بە ناچاری نەخۆشەکانی دڵ لە هەڵەبجەوە ڕەوانەی سلێمانی دەکرێن

سنوور حامید یاریدەدەری بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، لە سنوورەکەیان ژمارەیەک زۆر نەخۆشی دڵی لێیە و پێویستییان بە قەستەرەی دڵە و ناتوانن چارەسەرییان بۆ بکەن، بۆیە ڕەوانەی سلێمانییان دەکەن.

دابینکردنی ئامێری قەستەرە پێویستی بە دوو ملیۆن دۆلار زیاترە

سنوور حامید ئاماژەی بەوەکرد، دابینکردنی ئەم ئامێرە پێوستی بە زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلارە تاوەکو ئێستا دڵنیا نین کە ئایا وەزیری تەندروستیی عێراق لە توانایدایە بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتی دارایی ئەو بڕە پارەیە دابینکات و لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ڕەزامەندی لەسەر دەدرێت یان نا.

کێشەکانی تەندروستی هەڵەبجە تەنیا دابینکردنی ئامێری قەستەرەی دڵ نییە

ڕوونیشیکردەوە، کێشەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەڵەبجە تەنیا دابینکردنی ئامێری قەستەرەی دڵ نییە، بەڵکو پێویستییان بە ئامێری سی تی سکان و کردنەوەی سەنتەری گورچیلە و جیاکردنەوەی بەشە دەرمانی پارێزگاکەیە چونکە تاوەکو ئێستا لە بەشی  پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر وەریدەگرن.

ژوان نیزام

4 کاتژمێر پێش ئێستا