سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ حیزبە سیاسییەکاندا کۆبووەوە
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی قۆناغی یاسایی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ بەشێک لە پارتە سیاسییەکاندا کۆبووەوە و هاوسەرۆکانی پارتی دەمیش دەڵێن، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ کورتوڵموش، جەختیان لە چارەسەری کێشەی کورد و دیاریکردنی پێگەی ئۆجەلان کردووەتەوە.
ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغی یاسایی پرۆسەی ئاشتی
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ دەستکردن بە قۆناغی یاسایی پڕۆسەی ئاشتی و دەرکردنی یاسای تایبەت بە پڕۆسەکە، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، دەستی بە گەڕێکی نوێی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ فراکسیۆن و حیزبە سیاسییەکان کرد.
زنجیرە کۆبوونەوەکانی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا
کورتوڵموش سەرەتا لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە و دواتریش لەگەڵ تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکانی پارتی دەم و بریکارانی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکە کۆبووەوە.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ فراکسیۆنی ڕێگەی نوێش کۆبووەوە و دواتریش سەردانی کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپەی کرد.
بڕیارە کورتوڵموش لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی دیکەش کۆببێتەوە و ڕۆژی چوارشەممەش سەردانی فراکسیۆنی ئاکپارتی بکات.
جەختکردنەوە لە گشتگیریی یاساکان و چارەسەرکردنی کێشەی کورد
هاوسەرۆکانی پارتی دەم ڕایانگەیاند، لە کۆبوونەکەدا جەختیان لەوە کردووەتەوە، گرنگە یاساکە بنەڕەتی و گشتگیر بێت و توانای چارەسەرکردنی دیموکراسییانەی کێشەی کوردی هەبێت.
باکرهان و هاتیمئۆغوڵڵاری دەڵێن، پێویستە یاساکە گرەنتی باشکردنی ژیان و دۆخی کارکردنی ئۆجەلان بکات و پێگەکەی دیاری بکات.
4 کاتژمێر پێش ئێستا