ئۆزگور ئۆزەل دامەزراندنی حیزبە نوێیەکەی ڕاگەیاند
ئۆزگور ئۆزەل ماڵئاوایی لە جەهەپە کرد و دروستکردنی حیزبە نوێیەکەی ڕاگەیاند، یەکەمین پەرلەمانتاری جەهەپەش بۆچوونە ناو ئەو حیزبە نوێیە دەستی لەکارکێشایەوە. میدیای تورکیا دەڵێت، حیزبەکەی ئۆزەل ناوی پارتی نوێ دەبێت.
جێهێشتن و دواین وتار لە جەهەپە
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی دوورخراوەی جەهەپە، پاش ئەوەی دڵنیابوو لەوەی کەمال کڵچدارئۆغڵو کۆنگرەی جەهەپە نابەستێت، ئەو حیزبەی بەجێهێشت و دوایین وتاری خۆی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی جەهەپە پێشکەش کرد.
دروستکردنی گەورەترین حیزبی ئۆپۆزسیۆن
ئۆزەل لە وتارەکەیدا گوتی، لەگەڵ پەرلەمانتارەکانی جەهەپەدا حیزبێکی نوێ دروست دەکەن و دەبن بە گەورەترین حیزبی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی تورکیا.
پارتەکەی ئۆزەل ناوی پارتی نوێ دەبێت
لەگەڵ ئەوەی ئۆزەل ناوی پارتەکەی نەبرد کە بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ڕابگەیێنرێت، بەڵام میدیای تورکیا دەڵێن، ناوی پارتی نوێ دەبێت. ئۆزەلیش چەند ڕۆژێک پێش ئێستا گوتی، با لە ئێستاوە بە پارتی نوێ ناوی بهێنین.
پاش وتارەکەی ئۆزەل، موراد باکان، پەرلەمانتاری جەهەپە بۆ چوونە ناو پارتی نوێ، دەستی لەکارکێشایەوە.
زۆرینەی پەرلەمانتارانی جەهەپە دەچنە ناو پارتی نوێ
میدیای تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، لە کۆی 135 پەرلەمانتاری جەهەپە، 86 پەرلەمانتاریان دەچنە ناو پارتی نوێ، بەو جۆرەش 49 پەرلەمانتار لەناو فراکسیۆنی جەهەپە دەمێنننەوە.
ئەو گۆڕانکارییە، ڕیزبەندی فراکسیۆنەکان بەگوێرەی ژمارەی پەرلەمانتارەکان دەگۆڕێت و جەهەپە دەچێتە دوای پارتی دەم و دەبێتە چوارەمین فراکسیۆنی پەرلەمان.
3 کاتژمێر پێش ئێستا