زەیدی: چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی لە هەڵمەتی گەندەڵی دەکات

ئارام یوسف 3 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران

سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانییەکی فراوان لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەکات، کۆمپانیای سۆمۆشی سەرپشک کرد، گاز بۆ وەزارەتی کارەبا هاوردە بکات.

تاوتوێکردنی دۆخی عێراق

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ڕۆژی سێشەممە بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی کۆبووەوە، لە دانیشتنەکەدا تاوتوێی دۆخی عێراق و چەند بابەتێکی دیکە کرا.

پشتیوانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە دوایین کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی کرد و ڕایگەیاند، پشتیوانییەکی فراوان لە حکومەت و ڕێکارەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کراوە.

هیچ گەندەڵکارێک پارێزراو نابن

ڕاشیگەیاندووە، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و تەواوی هێزە سیاسییەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە، هیچ گەندەڵێک ناپارێزن.

هەر بەرپرسێک گەندەڵی لەسەر بێت دووردەخرێتەوە

زەیدی داوای لە تەواوی وەزیرەکانی حکومەتەکەی کرد، هەر بریکاری وەزیرێک یان بەڕێوەبەرێکی گشتی، گومانی گەندەڵی لەسەر بێت دووری بخەنەوە، چونکە بەگوێرەى ڕێکارەکانی حکومەت، وەزیری پەیوەندیدار بەرپرسیار دەبێت، ئەگەر ئەو ڕێکارە نەکات.

سۆمۆ دەسەڵاتی هاوردەکردنی گازی سروشتی دەبێت

سەبارەت بە پێدوایستییەکانی کەرتی وزە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە پێدانی دەسەڵات بە کۆمپانیای سۆمۆ، بەمەبەستی هاوردەکردنی گازی سروشتی بۆ وەزارەتی کارەبا.

ئارام یوسف

3 کاتژمێر پێش ئێستا