پڕۆژەیەکی 17 ملیار دۆلاری و ملیۆنێک هەلی کار؛ ڕێگەی گەشەپێدان عێراق دەگۆڕێت
بەغداد و ئەنقەرە پێکەوە وردەکاریی نوێی پڕۆژە ستراتیژییەکەی "ڕێگەی گەشەپێدان" تاوتوێ دەکەن و وەزیری گواستنەوەی عێراقیش جەخت لە خێراکردنی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی دەکاتەوە.
کۆبوونەوەی وەزیرانی گواستنەوەی عێراق و تورکیا
ئەمڕۆ سێشەممە، 21 تەممووزی 2026، وەهب سەلمان، وەزیری گواستنەوەی عێراق، لە شاری بەغدا لەگەڵ عەبدولقادر ئۆڕاڵ، هاوتا تورکییەکەی و شاندێکی یاوەری کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا کە تیمە هونەری و تەکنیکییەکانی هەردوو وڵات ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەسەر دۆسیە هاوبەشەکان و گۆڕانکارییەکانی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان کرا.
ڕێککەوتنی چوار قۆڵی بۆ گەشەپێدانی ئابووری
پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی چوار قۆڵی لە نێوان عێراق، تورکیا، ئیمارات و قەتەر جێبەجێ دەکرێت. ئەم ڕێککەوتنە لە نیسانی 2024 بە سەرپەرشتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا واژۆ کراوە بۆ بەستنەوەی ئابووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا.
درێژی و تێچووی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان
پڕۆژەکە پێکهاتووە لە ڕێگەیەکی وشکانی و هێڵێکی ئاسنین بە درێژایی 1200 کیلۆمەتر لە ناوخۆی عێراقدا. بودجەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکە 17 ملیار دۆلارە، کە بەم شێوەیە دابەشکراوە: 4.5 ملیار دۆلار بۆ ڕێگەی خێرا و 10.5 ملیار دۆلار بۆ هێڵی ئاسنینی کارەبایی، بە ئامانجی ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی بازرگانی نێودەوڵەتی.
قۆناغەکانی تەواوبوونی پڕۆژەکە
جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان بە سێ قۆناغی سەرەکی دەبێت. قۆناغی یەکەم لە ساڵی 2028 تەواو دەبێت، قۆناغی دووەم لە ساڵی 2033 و قۆناغی سێیەم کە کۆتا قۆناغی پڕۆژەکەیە، لە ساڵی 2050 بە تەواوی کۆتایی دێت.
ڕەخساندنی ملیۆنێک هەلی کار
پێشبینی دەکرێت ئەم پڕۆژەیە لە قۆناغی یەکەمدا 100,000 هەلی کار و لە قۆناغەکانی کۆتاییدا 1,000,000 هەلی کار بۆ گەنجان بڕەخسێنێت. ئەمەش وەک فاکتەرێکی سەرەکی بۆ بوژانەوەی ئابووری و بەهێزکردنی هاریکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لە ناوچەکەدا سەیر دەکرێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا