هیندستان کڕینی نەوتی عێراقی ڕاگرت
بەهۆی توندبوونەوەی ململانێکانی ئەمریکا و ئێران و داخستنی گەرووی هوورمز، عێراق یەکێک لە گەورەترین کڕیارە جیهانییەکانی نەوتەکەی لەدەست دەدات و کۆمپانیا هیندییەکان پرۆسەی بارکردنی نەوتیان لە بەسڕە ڕاگرت.
هەڵوەشاندنەوەی بارکردنی نەوت لە بەسڕە
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، دامەزراوەی نەوتی هیندستان پرۆسەی بارکردنی کەشتییە نەوتییەکانی لە سەکۆکانی بەسڕە هەڵوەشاندووەتەوە. ئەم بڕیارە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بەردەوامیی داخستنی گەرووی هوورمز و توندبوونەوەی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە هەیە کە کاریگەری کردووەتە سەر ئاسایشی گواستنەوەی دەریایی لە ناوچەکەدا.
کشانەوەی کۆمپانیا حکومییەکان
بەپێی زانیارییەکانی سێ سەرچاوەی جیاواز لە ناو حکومەتی هیندستان، کۆمپانیای پاڵاوتنی حکومی هیندستان کە بە "مانجالور" ناسراوە، سەرجەم گرێبەستەکانی کڕین و هاوردەکردنی نەوتی عێراقی هەڵوەشاندووەتەوە. کۆمپانیاکە لە دواساتەکاندا پرۆسەی بارکردنی 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراقی ڕاگرتووە، کە بڕیار بوو لە ڕێکەوتی 23ی تەمموز لەو کەشتییەدا باربکرێت کە لە بەندەری بەسڕە لەنگەری گرتبوو.
مەترسییەکانی گەرووی هوورمز
کۆمپانیا هیندییەکانی خاوەن کەشتیگەلی گواستنەوە و خزمەتگوزاریی کەشتیوانی، کارمەندەکانی خۆیان ئاگادار کردووەتەوە کە بەهۆی خراپیی بارودۆخی ئەمنی و توندبوونەوەی ئاڵۆزییەکان، بە هیچ شێوەیەک لە گەرووی هوورمز نزیک نەبنەوە و خۆیان لەو ڕێڕەوە دوور بخەنەوە. ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی گواستنەوەی نەوتی خاوی عێراق بۆ ئەو وڵاتە.
پێگەی عێراق لە بازاڕی هیندستان
عێراق یەکێکە لە سەرەکیترین دابینکەرانی نەوتی خاو بۆ هیندستان. لە ساڵی 2025دا، نەوتی عێراق 19.89%ی کۆی گشتی هاوردەکردنی نەوتی هیندستانی پێکدەهێنا. پێشتر هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەو وڵاتە گەیشتبووە 1 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەوەش هیندستان دوای وڵاتی چین، بە دووەم گەورەترین کڕیاری نەوتی عێراق لەسەر ئاستی جیهان دادەنرا.
3 کاتژمێر پێش ئێستا