دۆسیەی شەڕەکەی مستەفا سەنەد و بەها ئەعرەجی ڕەوانەی دادگای تاوان کرا

دانیار فاروق 3 کاتژمێر پێش ئێستا
گۆشەیەک لە شەڕەکەی مستەفا سەنەد، وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق و بەها ئەعرەجی، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە پەرلەمان
گۆشەیەک لە شەڕەکەی مستەفا سەنەد، وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق و بەها ئەعرەجی، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە پەرلەمان

دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە و بەڵێنی داخستنی دۆسیەکە، دۆسیەی شەڕەکەی مستەفا سەنەد و بەها ئەعرەجی ڕەوانەی دادگای تاوان کرا و وەزیری پەیوەندییەکانیش لە بڕیارەکە شۆک بووە.

ڕەوانەکردنی دۆسیەکە بۆ دادگای تاوان

بەپێی زانیارییەکانی کەناڵ8، دۆسیەی یاسایی مستەفا سەنەد، وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق، لەسەر ڕووداوی شەڕکردنی لەگەڵ بەها ئەعرەجی، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لەناو بینای پەرلەمان، بە فەرمی ڕەوانەی دادگای تاوان کرا. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە ناوەوە و دەرەوەی پەرلەمان بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و جێگرەکانی لەسەر ئەم بابەتە بەڕێوەچووبوون.

بەڵێنەکان و شۆکی مستەفا سەنەد

لەو کۆبوونەوانەی پێشتر ئەنجامدراون، بەڵێن بە مستەفا سەنەد دراوە کە لایەنی سکاڵاکار لە داواکەی پاشگەزبووەتەوە و دۆسیەکە بە تەواوی داخراوە. بەڵام دوێنێ سێشەممە، ناوبراو تووشی شۆک بووە کاتێک زانیویەتی دۆسیەکە نەک دانەخراوە، بەڵکو ڕەوانەی دادگای تاوان کراوە بۆ یەکلاییکردنەوە.

وردەکاریی شەڕەکەی ناو پەرلەمان

ڕووداوەکە بۆ مانگی ئازاری ڕابردوو دەگەڕێتەوە، کاتێک لە ناو باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مستەفا سەنەد و بەها ئەعرەجی سەرەتا بووە دەمەقاڵێ و شەڕەقسەیان، دواتر ئاڵۆزییەکان گۆڕان بۆ شەڕی دەستەویەخە و شەڕە بۆکس. لە کاردانەوەی ئەو ڕووداوەدا، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیاریدا هاتن و چوونی مستەفا سەنەد بۆ ناو باڵەخانەی پەرلەمان قەدەغە بکات.

بارودۆخی یاسایی مستەفا سەنەد

پێش ئەوەی دۆسیەکە ڕەوانەی دادگای تاوان بکرێت، لە ڕێکەوتی 23ی نیسانی ڕابردوو، دادگا بڕیاریدابوو بە ئازادکردنی مستەفا سەنەد بە کەفالەت. ئێستا بە گۆڕانی ڕێڕەوی دۆسیەکە، وەزیری پەیوەندییەکان ڕووبەڕووی قۆناغێکی نوێی دادگاییکردن دەبێتەوە لە دادگای تاوانەکان.

دانیار فاروق

3 کاتژمێر پێش ئێستا