سووریا کونسوڵخانە لە هەولێر دەکاتەوە

ئارام یوسف 3 کاتژمێر پێش ئێستا
وەزارەتی دەرەوەی سووریا بڕیاریدا کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە شاری هەولێر بکاتەوە
وەزارەتی دەرەوەی سووریا بڕیاریدا کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە شاری هەولێر بکاتەوە

وەزارەتی دەرەوەی سووریا بڕیاریدا کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە شاری هەولێر بکاتەوە، ئەمەش بە ئامانجی ئاسانکاریی زیاتر بۆ هاوڵاتیانی سووریا و ڕاپەڕاندنی کاروبارە کونسوڵگەرییەکانیان لە هەرێمی کوردستان.

دەستپێکردنی ڕێکارە دیپلۆماسییەکان

بەڕێوەبەرایەتیی کونسوڵگەری لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند، شاندێکی فەرمی وڵاتەکەیان بەمەبەستی کردنەوەی کونسوڵخانەی سووریا لە هەرێمی کوردستان، سەردانی شاری هەولێر دەکەن. ئەم هەنگاوە وەک دەستپێکێکی نوێ بۆ هەماهەنگیی دیپلۆماسی لە ناوچەکەدا هەژمار دەکرێت.

ڕاسپاردەی وەزیری دەرەوەی سووریا

یەعقوب ئەلعومەر، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کونسوڵگەری لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی ڕاستەوخۆی وەزیری دەرەوە، شاندەکەیان دەچێتە هەولێر. ئامانجی ئەم سەردانە جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەم و ڕێکارە سەرەتاییەکانە بۆ بنکە و بارەگای کونسوڵخانەکە و دەستبەکاربوونی ستافە دیپلۆماسییەکە.

کۆتاییهێنان بە نەهامەتیی هاوڵاتیان

ئەلعومەر ئاماژەی بەوە کردووە، کردنەوەی کونسوڵخانە لە هەولێر خزمەتێکی گەورە بە هاوڵاتیانی سووریا لە هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت. جەختیشی کردەوە کە ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بەو نەهامەتی و ئاستەنگانەی کە پێشتر هاوڵاتیان لە کاتی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە کونسوڵگەرییەکان و ڕاپەڕاندنی مامەڵە فەرمییەکانیان ڕووبەڕووی دەبوونەوە.

ئارام یوسف

3 کاتژمێر پێش ئێستا