ترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ سعودییە هەڵکرد تا ببێتە خاوەنی وزەی ئەتۆمی

یەسنا ئومێد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. فۆتۆ: AFP
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. فۆتۆ: AFP

دۆناڵد ترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ پرۆگرامی ئەتۆمیی سعودییە هەڵکرد و بەگوێرەی ڕێککەوتنێکی نوێی 30 ساڵە، کۆمپانیا ئەمریکییەکان کارگەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەناو خاکی ئەو وڵاتەدا دروست دەکەن.

وردەکاریی ڕێککەوتنە ملیار دۆلارییەکە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی ڕەزامەندیدا لەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتنێک لەگەڵ سعودییە کە ڕێگەی پێدەدات ببێتە خاوەنی پرۆگرامێکی مەدەنیی ئەتۆمی. ڕۆژنامەی واڵ ستریت جورناڵ لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ئاشکرای کردووە، ئەم ڕێککەوتنە بۆ ماوەی 30 ساڵ بەردەوام دەبێت و بەهاکەی بە دەیان ملیار دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێنرێت.

بنیاتنانی کارگەی پیتاندنی یۆرانیۆم

بەپێی زانیارییەکانی واڵ ستریت جورناڵ، ڕێککەوتنەکە بە جۆرێک داڕێژراوە کە ڕۆڵی سەرەکی و تەواو دەداتە کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بنیاتنانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی سعودییە و کێبڕکێی کۆمپانیا بیانییەکانی دیکە لەو وڵاتەدا ناهێڵێت. یەکێک لە خاڵە هەرە ستراتیژییەکانی نێو ڕێککەوتنەکە ئەوەیە کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان کارگەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەناو خاکی سعودییەدا دروست دەکەن.

چاودێریکردنی ویستە ئەتۆمییەکان

لە بەشێکی دیکەی ڕێککەوتنەکەدا هاتووە، ئەمریکا ڕۆڵی ڕاستەوخۆی دەبێت لە چاودێریکردنی ویست و چالاکییە ئەتۆمییەکانی سعودییە. ئەم مەرجە بۆ ئەوە دانراوە تاوەکو دڵنیایی بدرێت کە پرۆگرامە ئەتۆمییەکە تەنیا بۆ مەبەستی مەدەنی بەکاردێت و ڕێگری بکرێت لەوەی وڵاتەکە هەوڵی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات.

بەربەستەکانی بەردەم کۆنگرێس

واڵ ستریت جورناڵ ئاماژەی بەوە کردووە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕێککەوتنەکە بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی کۆنگرێسی ئەمریکا دەکرێت. پێشبینی دەکرێت لەناو کۆنگرێسدا ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند ببێتەوە، ئەوەش بەهۆی نیگەرانیی پەرلەمانتاران لە فراوانبوونی تواناکانی ئەتۆم لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بە ناوچەیەکی ناسەقامگیر و پڕ لە ململانێ دادەنرێت.

یەسنا ئومێد

3 کاتژمێر پێش ئێستا