ئەمڕۆ حکومەتی هەرێم بڕیار لەسەر لێخۆشبوونی سزاى هاتوچۆ و قەرزی کارەبا دەدات
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا سێ تەوەری سەرەکی دەخاتە بەر باس کە گرنگترینیان لێخۆشبوون لە سزای هاتوچۆ و داشکاندن لە قەرزی کارەبای هاونیشتمانییانە.
درێژکردنەوەی ماوەی لێخۆشبوونی سزاکانی هاتوچۆ
لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆ لەسەر پێشنیازی وەزیری ناوخۆ دەکات بۆ درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی بڕیاری ژمارە 282ی ساڵی 2026. ئەم بڕیارە تایبەتە بە لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچییەکانی هاتوچۆ و بڕیارە ماوەکەی لە 18 حوزەیرانی 2026ـەوە تاوەکو 31 کانوونی یەکەمی 2026 درێژ بکرێتەوە.
ڕاپۆرتی دۆخی کارەبا و داشکاندن لە قەرزە کۆنەکان
تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە خستنەڕووی ڕاپۆرتێک لەسەر دۆخی کارەبا و سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان. لەم بەشەدا هەنگاوەکانی هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان تاوتوێ دەکرێن. هەروەها بڕیار لەسەر پێشنیازی داشکاندنی ڕێژەیەک لە پارەی کەڵەکەبووی قەرزە کۆنەکانی کارەبا دەدرێت کە لە ئەستۆی هاونیشتمانییان و هاوبەشانی کارەبادایە.
ڕێکخستنەوەی مۆڵەتی بێ مووچە
لە کۆتا تەوەری کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران باس لە ڕێکخستنەوەی مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران دەکات. ئەم گفتوگۆیە لە چوارچێوەی پێداچوونەوە بە بڕیاری ژمارە 38ی ئەنجوومەنی وەزیراندایە کە لە ڕێکەوتی 5 نیسانی 2015 دەرچووە و تایبەت بووە بە ڕێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی بێ مووچە بە مووچەخۆران.
4 کاتژمێر پێش ئێستا