لە نێوان بانگەشەی حکومەت و واقیعی خەڵکدا؛ پارەی کارەبا چەندە؟
لە کاتێکدا وەزارەتی کارەبا باس لە کەمیی بڕی تێچووی کارەبا دەکات، هاونیشتمانییان باس لەوە دەکەن کە پسوولەی کارەباکانیان گەیشتووەتە یەک ملیۆن دینار و بڕیاری بڕینی کارەبا لە دوای 50 ڕۆژ بارگرانییەکەی زیاتر کردوون.
هەڕەشەی بڕینی کارەبا لەدوای 50 ڕۆژ
بەپێی بڕیارێکی نوێ، ئەو هاونیشتمانییانەی کە قەرزی کارەبایان لەسەرە، تەنیا 50 ڕۆژ مۆڵەتیان لەبەردەمدایە بۆ دانەوەی قەرزەکانیان. ژمارەیەک لە هاونیشتمانییان بۆ کەناڵ8 ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم بڕیارە فشارێکی زۆری بۆ دروستکردوون، چونکە لە ئەگەری نەدانی پارەکە لەو ماوەیەدا، کارەبای ماڵەکانیان بە تەواوی دەبڕدرێت.
جیاوازیی ئامارەکانی وەزارەت و ڕاستیی پسوولەکان
وەزارەتی کارەبا و بەرپرسانی پڕۆژەی "ڕووناکی" جەخت لەوە دەکەنەوە کە بڕی تێچووی کارەبا بۆ هاوبەشان زۆر کەمە و باس لە بڕی 20,000 بۆ 50,000 دینار دەکەن. بەڵام لە بەرامبەردا، هاونیشتمانییان دەڵێن ئامارە ڕاستەقینەکان شتێکی دیکەن؛ یەکێک لە هاونیشتمانییان ئاشکرای کرد کە بۆ تەنیا دوو مانگ بڕی 1,000,000 دینار پسوولەی بۆ گەڕاوەتەوە، هاوڵاتییەکی دیکەش باس لەوە دەکات کە بۆ یەک مانگ بڕی 483,000 دیناری بۆ هاتووەتەوە.
نیعمەتێک بە تێچوویەکی زەحمەت
هاونیشتمانییان ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆژەی ڕووناکی لە ڕووی جێگیریی کارەباوە وەک "نیعمەت" سەیر دەکرێت، بەڵام تێچووە داراییەکەی لەسەر شانی خەڵک زۆر قورسە. ئەوان جەخت دەکەنەوە کە لە ناو ئەم هەموو بارگرانییە داراییەی هەیە، توانای دابینکردنی ئەو بڕە پارە زۆرەیان نییە کە مانگانە بۆیان دەگەڕێتەوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا