پۆلیسی هەڵەبجە: پارچەی مووشەکێک بەر ماڵی هاونیشتمانییەک کەوت

جەبار حسین 3 کاتژمێر پێش ئێستا
پارچەی مووشەکێک بەر ماڵی هاونیشتمانییەکی هەڵەبجە کەوت
پارچەی مووشەکێک بەر ماڵی هاونیشتمانییەکی هەڵەبجە کەوت

شەوی ڕابردوو ئاسمانی هەولێر و هەڵەبجە ئارام نەبوو؛ 8 هێرشی درۆنی کرانە سەر هەولێر و لە هەڵەبجەش پارچەی مووشەک کەوتە ناو ماڵان، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو 900 هێرشەدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان.

هێرشی درۆنی بۆ سەر هەولێر

شەوی ڕابردوو 8 هێرشی درۆنی کرایە سەر چەند شوێنێکی جیاوازی شاری هەولێر. بەپێی زانیارییەکان، سەرجەم هێرشەکان لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە بەرپەرچ درانەوە، بەڵام کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی درۆنەکان بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە چەند ناوچەیەک. بەهۆی ئەو ئاگرانەوە باخی هاونیشتمانییەک سووتا و زیانی ماددی بەر ناوچەکە کەوت، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.

کەوتنەخوارەوەی مووشەک لە هەڵەبجە

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند، کاتژمێر 4:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گوندی "عەنەب"، پارچەی مووشەکێک بەر ماڵی هاونیشتمانییەک کەوتووە. ڕووداوەکە تەنیا زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە و تیمەکانی پۆلیس پارچە مووشەکەکەیان هەڵگرتووەتەوە. بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی ناو شاری هەڵەبجەش بەهۆی نزیکی گوندەکەوە هەستیان بە دەنگی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکە کردووە.

ئاماری هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان

لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ و لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندی هێرش بووەتەوە. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 900 هێرش کراونەتە سەر هەرێم، کە زۆربەیان دامەزراوەکانی وزە، کێڵگە نەوتییەکان، کونسوڵخانەی ئەمریکا و بنکەی هێزە هاوپەیمانەکانیان لە هەولێر کردووەتە ئامانج.

جەبار حسین

3 کاتژمێر پێش ئێستا