داهات 37 و خەرجی 54 تریلیۆن؛ ئامارەکانی شەش مانگی یەکەمی عێراق
عێراق ڕووبەڕووی سەختترین قەیرانی دارایی دەبێتەوە و بەهۆی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت، داهاتی مانگانەی وڵات ناگاتە نیوەی ئەو بڕە پارەیەی کە تەنیا بۆ مووچەی فەرمانبەران پێویستە.
ساڵی 2026 و کارەساتی ئابووری لە عێراق
ساڵی 2026 بە ساڵێکی سەختی ئابووری بۆ عێراق دادەنرێت. داهاتی گشتیی وڵات کە بە ڕێژەی 90% پشت بە نەوت دەبەستێت، بەهۆی داخستنی گەرووی هوورمز لە مانگی ئازاری ئەمساڵ و هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕووبەڕووی کارەساتێکی گەورە بووەتەوە. ئاستی هەناردەی نەوت لە هەندێک ناوچە گەیشتووەتە خاڵی سفر و ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی کورتهێنانی گەورە لە بودجەی گشتیدا.
کەمبوونەوەی داهات و پەککەوتنی مووچە
پێش دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکان، داهاتی مانگانەی عێراق لە نێوان 6 بۆ 10 ملیار دۆلار بووە، بەڵام لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە داهاتەکە بۆ تەنیا یەک لەسەر سێ کەمبووەتەوە. لە ئێستادا عێراق هەموو ئەو داهاتەی لە مانگێکدا کۆی دەکاتەوە، بەشی تێچووی مووچەی مووچەخۆرانی ناکات، ئەمەش حکومەتی ناچار کردووە پەنا بۆ پڕۆژەی نوێ ببات بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان.
خەرجییەکانی مووچە و بەگەڕخستن
بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان، عێراق مانگانە پێویستی بە 6 تریلیۆن دینار هەیە بۆ مووچە و 2 تریلیۆن دینار بۆ خەرجییەکانی بەگەڕخستن، کە کۆی گشتی دەکاتە 8 تریلیۆن دینار بەبێ خەرجییەکانی وەبەرهێنان. لە کاتێکدا داهاتی مانگەکانی دوای جەنگ (ئازار تا حوزەیران) تەنیا لە نێوان 3 بۆ 4 تریلیۆن دینار بووە، ئەمەش واتە مانگانە زیاتر لە 4 تریلیۆن دینار کورتهێنان تۆمار دەکرێت.
ئاماری داهات و خەرجی لە شەش مانگی یەکەمدا
ئاستی داهاتی مانگانە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026 بەم شێوەیە بووە:
کانوونی یەکەم: 10.5 تریلیۆن دینار.
شوبات: 11.5 تریلیۆن دینار.
ئازار: 4 تریلیۆن دینار.
نیسان: 3 تریلیۆن دینار.
ئایار: 4 تریلیۆن دینار.
حوزەیران: 4 تریلیۆن دینار.
کۆی داهاتی 6 مانگی یەکەم 37 تریلیۆن دینار بووە، لە بەرامبەردا خەرجییەکانی ئەو ماوەیە 54 تریلیۆن دینار بووە.
خەمڵاندنی ساڵانە و کورتهێنانی 50 تریلیۆن دینار
پێشبینی دەکرێت کۆی خەرجییەکانی عێراق بۆ ساڵی 2026 بگاتە 126 تریلیۆن دینار، کە بەم شێوەیە دابەشکراوە:
خەرجی بەکاربردن (مووچە و بەگەڕخستن): 96 تریلیۆن دینار.
دانەوەی قەرزەکان: 10 تریلیۆن دینار.
خەرجییەکانی وەبەرهێنان: 20 تریلیۆن دینار.
بەهۆی دابەزینی داهاتەوە، چاوەڕوان دەکرێت کورتهێنانی بودجەی ئەمساڵ زیاتر لە 50 تریلیۆن دینار بێت، ئەمەش وایکردووە ناسەقامگیرییە ئابوورییەکان بەردەوامییان هەبێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا