کۆمپانیایەکی حیزبی لە ئیبراهیم خەلیل 1000 دۆلار سەرانە لە بازرگانان دەسێنێت

کەناڵ8 3 کاتژمێر پێش ئێستا

دوای گۆڕینی ڕێڕەوی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلە لێدراوەکان لە دوبەی بۆ تورکیا، کۆمپانیایەکی سێبەری حیزبی لە مەرزی ئیبراهیم خەلیل بازرگانان ناچار دەکات بە نرخێکی گران و بە زۆرەملێ ئۆتۆمبێلەکانیان لە وەرشەکانی ئەوان چاک بکەنەوە.

گۆڕینی ڕێڕەوی بازرگانی و دروستبوونی کۆمپانیای نوێ

پێشتر بازرگانانی هەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێلە لێدراوەکانیان لە ئەمریکاوە دەهێنایە دوبەی و لەوێ چاکیان دەکردەوە، دواتر لە ڕێگەی گەرووی هوورمزەوە دەیانگەیاندە هەرێم. بەڵام بەهۆی ئاڵۆزییە ئەمنییەکان و داخستنی گەرووی هوورمز، بازرگانان ڕێڕەوی هاوردەکردنیان بۆ تورکیا گۆڕی و لە شاری مێرسین ئۆتۆمبێلەکانیان چاک دەکردەوە. لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییەدا، کۆمپانیایەکی تایبەت لە ناو مەرزی ئیبراهیم خەلیل دامەزراوە کە بازرگانان ناچار دەکات ئۆتۆمبێلە لێدراوەکانیان بە زۆر لە وەرشەی ئەو کۆمپانیایە چاک بکەنەوە پێش ئەوەی ڕێگەی داخڵبوونیان پێ بدرێت.

وردەکاریی تێچووە زۆرەملێیەکان

ئەو کۆمپانیایە بڕی پارەی زۆر لە بازرگانان وەردەگرێت و نرخەکانی چەند هێندەی بازاڕە. بەپێی بەڵگەنامەکان، تەنیا بۆ داخڵکردنی ئۆتۆمبێلەکە بۆ ناو وەرشەکە بڕی 182 دۆلار وەردەگیرێت. بۆ نموونە، چاککردنەوەی یەک ئێرباگ کە لە دوبەی تەنیا 35 دۆلاری تێدەچوو، لەم وەرشەیەدا بە 200 دۆلار ئەنجام دەدرێت. هەروەها بڕی 50 دۆلار وەک کرێی ئامێری بەرزکەرەوە (ڕافیعە) و چەندین بڕی دیکەی 10 و 20 دۆلاری لەژێر ناوی جیاوازدا لە خاوەن ئۆتۆمبێلەکان وەردەگیرێت، کە کۆی گشتی تێچووەکە دەگاتە زیاتر لە 1000 دۆلار بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک.

کوالێتی چاککردنەوە و کێشەی گومرگی

بازرگانان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆمپانیاکە تەنیا ئۆتۆمبێلەکان هەڵدەوەشێنێت بۆ ئەوەی ئێرباگێکیان بۆ دابنێتەوە و هیچ جۆرە چاککردنەوە و تەعدیلێک بۆ لێدراوی جەستەی سەیارەکان ناکەن، دوای چەند مانگێکیش ئۆتۆمبێلەکە بە هەڵوەشێنراوی ڕادەستی خاوەنەکەی دەکەنەوە. بەپێی وەسڵێکی گومرگی، ئۆتۆمبێلێک کە بڕی 23,074 دۆلار گومرگی لەسەر بووە، دوای ئەوەی خراوەتە وەرشەی ئەو کۆمپانیایە، تێچووەکەی گەیشتووەتە 33,081 دۆلار، ئەمەش نیشانی دەدات کە کۆمپانیاکە بەبێ ڕەچاوکردنی نرخی بازاڕ پارە لە بازرگانان وەردەگرێت.

پەنابردن بۆ ڕێگەی ئێران و مەرزەکانی دیکە

بەهۆی ئەم بارگرانییە داراییە و ئەو مامەڵە زۆرەملێیەی لە مەرزی ئیبراهیم خەلیل دەکرێت، زۆربەی بازرگانان ڕێڕەوی هاوردەکردنیان گۆڕیوە. ئێستا ئۆتۆمبێلەکان لە تورکیاوە دەبەنە ناو خاکی ئێران و لەوێوە بۆ مەرزەکانی باشماخ و پەروێزخان دەیانگوازنەوە. بازرگانەکان جەخت دەکەنەوە کە هەرچەندە ڕێگەی ئێران دوورترە و تێچووی گواستنەوەی زیاترە، بەڵام لەوێ نە پارەی زیادەیان لێ وەردەگیرێت و نە ئۆتۆمبێلەکانیشیان بەو شێوەیە هەڵدەوەشێنرێت، بەڵکو دەتوانن لای ئەو وەستایەی خۆیان دەیانەوێت چاکی بکەنەوە.

کەناڵ8

3 کاتژمێر پێش ئێستا