عەلی زەیدی بۆ ترەمپ: هێرش مەکە سەر ئێران دانوستان گرنگترە

کەناڵ8 3 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیراتی عێراق، لە کۆشکی سپی. فۆتۆ: AFP
کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیراتی عێراق، لە کۆشکی سپی. فۆتۆ: AFP

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری "زە ئەتڵەنتیک" جەخت لەسەر گۆڕینی شێوازی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن دەکات و هۆشداری لە لێکەوتە ئابوورییەکانی داخستنی گەرووی هوورمز دەدات.

گۆڕینی هاوبەشی سەربازی بۆ ئابووری

زەیدی ڕایگەیاندووە کە پێویستە پەیوەندییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سیفەتە سەربازییەکەیەوە بگۆڕدرێن بۆ هاوبەشی ئابووری. بە بڕوای ئەو، ئابوورییە کە پەیوەندی لە نێوان گەلاندا دروست دەکات نەک بوونی سەربازی، هەر بۆیە پێشنیاری دامەزراندنی هاوبەشییەکی وەبەرهێنانی 30 ساڵەی لە نێوان هەردوو وڵاتدا کردووە کە لەسەر بنەمای وەبەرهێنان و تەکنەلۆژیا بێت لەبری ئامادەیی سەربازی.

عێراق وەک خاڵی بەیەکگەیشتنی ئەمریکا و ئێران

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد کە ئامۆژگاری دۆناڵد ترەمپی کردووە گورزی سەربازی ئاراستەی ئێران نەکات، چونکە دانوستان لە هەموو شتێک گرنگترە. زەیدی جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە عێراق ببێتە "خاڵی بەیەکگەیشتن"، نەک گۆڕەپانی دوژمنایەتی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا، هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە کە جەنگی ئەم دواییە و داخستنی گەرووی هوورمز زیانی گەورەیان بە ئابووری عێراق گەیاندووە.

بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و کۆنترۆڵکردنی چەک

زەیدی ڕەتی کردەوە عێراق ببێتە دەوڵەتێکی شکستخواردوو و ڕایگەیاند حکومەتەکەی بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت. ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ بژاردەیەکیان لەبەردەمدا نییە جگە لە کۆکردنەوەی چەک و ڕادەستکردنی بە دەوڵەت. بە گوتەی زەیدی، گەشەپێدانی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار ڕێگای ڕاستەقینەی سەقامگیرین، چونکە ئەو هاوڵاتییەی داهاتوویەکی هەبێت، پەنا بۆ جەنگ یان تائیفەگەری نابات.

بەرپرسیارێتی لێکەوتەکانی چاکسازی

سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە وەبەرهێنەرانی جیهانی کرد وەک دەرفەتێکی وەبەرهێنانی گەشەدار سەیری عێراق بکەن. لە کۆتایی قسەکانیدا ، جەختی کردەوە کە ئامادەیە بەرپرسیارێتی و سەرجەم لێکەوتەکانی پڕۆژە چاکسازییەکەی لەئەستۆ بگرێت تاوەکو عێراق لە قەیرانەکان ڕزگار بکات و بەرەو سەقامگیری بیبات.

کەناڵ8

3 کاتژمێر پێش ئێستا