کەناڵ8 کێشەی 195 خێزانی چارەسەر کرد؛ کارمەندانی شارەوانی دەخرێنەوە ناو لیستی مووچە

جەبار حسین 3 کاتژمێر پێش ئێستا

دوا بەدوای بەدواداچوونێکی میدیایی کەناڵ8 لە بەرنامەی ڕاداری8 بۆ کێشەی 195 کارمەندی گرێبەستی شارەوانی سلێمانی کە بەهۆی تەمەنەوە دوورخرابوونەوە، بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ سەر کار و درێژکردنەوەی گرێبەستەکانیان درا.

درێژکردنەوەی گرێبەستەکان و گەڕانەوە بۆ سەرکار

ئەنجوومەن حسێن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ڕایگەیاند، بە نووسراوێکی فەرمی بڕیاردراوە بە درێژکردنەوەی گرێبەستی ئەو 195 کارمەندەی پێشتر لە شارەوانیی سلێمانی دوورخرابوونەوە. بەپێی بڕیارەکە، کارمەندەکان تاوەکو ڕێکەوتی 31 کانوونی یەکەمی 2026 لەسەر کارەکانیان بەردەوام دەبن و ناویان خراوەتەوە ناو لیستی مووچە.

هۆکاری دوورخستنەوە و گرنگیی کارمەندەکان

ئەو کارمەندانەی کە کێشەکەیان بۆ دروست ببوو، تەمەنیان گەیشتووەتە 60 ساڵ، بەڵام چونکە 15 ساڵ خزمەتیان نەبووە، یاسای خانەنشینی نەیگرتوونەتەوە. گوتەبێژی شارەوانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم کارمەندانە ساڵانێکی زۆرە خزمەت دەکەن و لە نەبوونیاندا ئاستی خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، هەر بۆیە هەوڵی درێژکردنەوەی گرێبەستەکانیان دراوە.

دابەشبوونی کارمەندەکان بەسەر بەشەکاندا

ئەو 195 کارمەندە بەسەر چەندین بەش و بەڕێوەبەرایەتیی جیاوازی شارەوانیدا دابەشبوون، لەوانە: بەشی لابردنی سەرپێچی و زیادەڕەوی، خزمەتگوزاری، ئاوەڕۆ، بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکان و ناوەندی سەرۆکایەتیی شارەوانی. لە ئێستادا شارەوانی چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەم کارمەندانە بە شێوەیەکی بنەڕەتی.

ئەحکامە یاساییەکانی خانەنشینی بۆ فەرمانبەری گرێبەست

بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە 9ی ساڵی 2014، هەر خزمەتێکی فەرمانبەر لە دوای تەمەنی 60 ساڵی بۆ مەبەستی خانەنشینی هەژمار ناکرێت. بۆ وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی، دەبێت ڕاژەی فەرمانبەر (هەمیشەیی یان گرێبەست) کەمتر نەبێت لە 15 ساڵ. یاساکە جیاوازی کردووە لە نێوان فەرمانبەری هەمیشەیی و گرێبەست؛ فەرمانبەری هەمیشەیی ئەگەر ڕاژەکەی لە نێوان 10 بۆ 15 ساڵ بێت، پاداشتی خانەنشینی بۆ یەک جار یان بڕە پارەیەکی بڕاوەی مانگانەی پێدەدرێت، بەڵام فەرمانبەری گرێبەست لەم مافە بێبەش کراوە.

شایستە داراییەکان و ڕێژەی بڕینی خانەنشینی

فەرمانبەری گرێبەست ئەگەر ڕاژەکەی لە سەرووی 15 ساڵ بێت، شایستەی مووچەی خانەنشینی دەبێت بە ڕێژەی %75ی مووچەکەی، کە بڕەکەی 300,000 دینارە و جێگیرە. لەبەر ئەوەی پێشتر ڕاگیراوی خانەنشینییان لێ وەرنەگیراوە، دەبێت لە کاتی خانەنشینبووندا ڕێژەی %10ی کۆی مووچەی ساڵانی خزمەتیان بدەنەوە. بۆ نموونە، ئەگەر مووچەی فەرمانبەرێک 400,000 دینار بووبێت، دەبێت بۆ 15 ساڵ خزمەت بڕی 7,200,000 دینار بداتەوە بە دەوڵەت، کە دەکرێت بە قیستی 5 ساڵ بۆی بکرێت.

هەژمارکردنی ڕاژەکانی دیکە

بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی دەوڵەتی فیدراڵی، ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانەی خزمەتیان لە 15 ساڵ کەمترە و گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی، مافیان هەیە داوای زیادکردنی جۆرەکانی دیکەی خزمەت بکەن. ئەمە خزمەتەکانی وەک (سەربازی، ڕۆژنامەنووسی، یان خۆتەرخانکردنی کشتوکاڵی) دەگرێتەوە تاوەکو کۆی خزمەتەکەی بگاتە 15 ساڵ و شایستەی مووچەی خانەنشینی بێت.

بینەری تەواوی بەدواداچوونەکەی کەناڵ8 بە لە بەرنامەی ڕاداری8

جەبار حسین

3 کاتژمێر پێش ئێستا