گوتەبێژی حکومەت: عەلی زەیدی لە تاران پرسی گرووپە چەکدارەکان باس ناکات

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق
حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق

گوتەبێژی حکومەتی عێراق کارنامەی سەردانە هەرێمییەکانی سەرۆکوەزیران بۆ تاران و ئەنقەرە ئاشکرا دەکات و جەخت لەسەر بەردەوامیی هەڵمەتەکانی چاکسازی و پاراستنی وەبەرهێنەرانی کەرتی نەوت دەکاتەوە.

سەردانی تاران و دۆسیە ئەمنییەکان

حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، سبەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە وڵاتی ئێران. لەم دیدارەدا پرسەکانی پەیوەست بە وزە و دۆسیە ئەمنییە هاوبەشەکان لە نێوان هەردوو وڵاتدا تاوتوێ دەکرێن. عەبوودی ئاماژەی بەوەش کرد کە پرسی گرووپە چەکدارەکان لەگەڵ لایەنی ئێرانی باس ناکرێت و لە کارنامەی سەردانەکەدا نییە.

پاراستنی کۆمپانیاکانی هەرێم و دۆسیەی گەندەڵی

سەبارەت بە کەرتی وزە و چاکسازیی ناوخۆیی، گوتەبێژی حکومەت جەختی کردەوە کە عەلی زەیدی پابەندە بە دابینکردنی پاراستنی تەواو بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان تاوەکو بتوانن بەردەوام بن لە کارەکانیان. هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بەبێ وەستان بەردەوام دەبن.

گەشت بۆ ئەنقەرە و پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان

پاش کۆتاییهاتنی دیدارەکانی لە تاران، بڕیارە سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاستەوخۆ سەردانی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بکات. حەیدەر عەبوودی ڕایگەیاند، عەلی زەیدی لە تورکیا دۆسیە گرنگەکانی وەک پرسی ئاو و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیژیی "ڕێگەی گەشەپێدان" لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا تاوتوێ دەکات.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا