پسپۆڕێک: ئاساییبوونی پشکنینی بەرزەفشاری خوێن واتای چاکبوونەوە نییە

گران جاف 3 کاتژمێر پێش ئێستا

د. ڕەسول ئەحمەد  بڵباس، پسپۆڕی ورد لە نەخۆشییەكانی دڵ و قەستەرە، چەند هۆشیارییەک سەبارەت بە بیروڕا هەڵەکان دەربارەی بەرزەفشاری خوێن بۆ هاونیشتمانییان دەخاتەڕوو.

پەیوەندیی نێوان چارەخواز و دەرمانی بەرزەفشاری خوێن

پزیشکە پسپۆڕەکە دەڵێت " زۆرجار بەهۆی چەند بیروڕایەکی هەڵە و هەڵەتێگەیشتنێکی کۆمەڵایەتییەوە پەیوەندیی نێوان چارەخواز و دەرمانی بەرزەفشاری خوێن دەکەوێتە مەترسییەوە، ئێمە وەک پزیشک، ڕۆژانە دەبینین کە گەورەترین کێشە خودی نەخۆشییەکە نییە، بەڵکو ئەو بڕیارە چەوت و سەرکێشانەیەیە کە چارەخواز لەبەرئەنجامی ئەم بیروڕا هەڵە باوانە دەیاندات"، لەوانە:

‌ "هەست بە باشی دەکەم، ئیتر پێویستم بە دەرمانی فشاری خوێن نییە"

ئەمە گەورەترین و کوشندەترین هەڵەیە، ئاسایبوونەوەی ئەنجامەکانی پشکنینی بەرزەفشاری خوێن واتای ئەوە نییە بەرزەفشاری خوێنی چارەخوازەکە بنەبڕ بووە، بەڵکو بەڵگەیە لەسەر ئەوەی دەرمانەکە کارەکەی خۆی بە سەرکەوتوویی دەکات، ڕاگرتنی دەرمان بەبێ ڕاوێژی پزیشکی، بازدانێکی لەناکاو و مەترسیدار لە بەرزەفشاری خوێندا دروست دەکات، کە ڕێگەخۆشکەرە بۆ ڕوودانی لەناکاوی جەڵتە

ترس لە هۆگربوونی بەکارهێنانی دەرمانی بەرزەفشاری خوێن لەلایەن چارەخوازەکەوە

دەرمانی بەرزەفشاری خوێن ماددەی هۆشبەر نییە  تاوەکو هۆگربوون دروست بکات! بەڵکو تەمەنی خوێنبەرەکانی جەستەی چارەخوازەکە درێژ دەکات، بەرزەفشاری خوێن نەخۆشییەکی درێژخایەنە، وەک چۆن جەستە ڕۆژانە پێویستی بە ئاو و خۆراکە بۆ بەردەوامبوون لە بەجێگەیاندنی فرمانەکانی، دڵ و خوێنبەرەکانیش لەبەرزەفشاری خوێندا  پێویستیان بە پاڵپشتیی دەرمانەکانی نەخۆشییەکە هەیە بۆ ڕێگریکردن لە سستبوونی دڵ و گورچیلەکان

"تەنیا لەکاتی سەرئێشە دەرمانەکان دەخۆم"
دەرمانی بەرزەفشاری خوێن وەک ئازارشکێن نییە تەنیا لە کاتی هەبوونی نیشانەکانی نەخۆشییەکەدا بخورێت، ئەو زیانە بێدەنگەی کە بەرزەفشاری خوێن بە تەندروستیی مێشک و گورچیلەکانی دەگەیەنێت، بەردەوامە تەنانەت ئەگەر چارەخوازەکە هیچ نیشانە و ئازارێکیشی نەبێت، پابەندبوون بە کاتی دیاریکراوی دەرمانەکان، هێڵی بەرگریی هەمیشەیی چارەخوازەکەیە لە نەخۆشیی بەرزەفشاری خوێن

ڕێنوێنیی بۆ چارەحوازان

تەندروستیی چارەخواز جێگەی تاقیکردنەوە و گوێگرتن لە ئامۆژگاری هەڵەی دەوروبەر نییە، پابەندبوون بە بەکارهێنانی دەرمانەکانەوە بەو شێوازەی پزیشکی پسپۆڕ بۆ چارەخوازەکەی داناوە، گرەنتیی پاراستنیی ژیانی چارەخوازەکەیە.

گران جاف

3 کاتژمێر پێش ئێستا