یەکێتیی ئەورووپا بۆ کەناڵ8: هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکەین
یەکێتیی ئەورووپا، نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و خاکی عێراق دەربڕی و ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە داواکردنی دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی ئاگربەست و دانوستانەکان، بە مەبەستی گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام.
زیانە گیانییەکانی ئاڵۆزییەکانی ئەمریکا و ئێران
گوتەبێژێک بە ناوی یەکێتیی ئەورووپاوە لەبارەی توندبوونەوەی ململانێکانەوە بە کەناڵ8ی ڕاگەیاند، نیگەرانن لە دەستپێکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و ئەو زیانە گیانییانەی لێیکەوتووەتەوە.
ڕەخنە لە کردەوەکانی ئێران لە کەنداو و ناوچەکە
گوتەبێژی یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی پێشێلکارییەکانی ئێرانەوە گوتی، یەکێتیی ئەورووپا نیگەرانە لەم ئاڵۆزبوونە بەردەوامە و ڕەخنە لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، لە سەرانسەری کەنداو، هەرێمی کوردستان و ئوردن دەگرێت، هەروەها نیگەرانە لە کردەوەکانی ئێران بۆ تێکدانی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز.
گرنگیی سەقامگیریی عێراق بۆ ئەورووپا
گوتەبێژەکە لەبارەی ئارامیی عێراقەوە ئەوەشی بە کەناڵ8 گووت، سەقامگیریی عێراق کلیلی ئارامییەکی سەرەکییە بۆ یەکێتیی ئەورووپا و تەواوی ناوچەکە.
بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان
گوتەبێژی یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی بە ئامانجگرتنی هەرێمەوە دەشڵێت، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانەوە، لە ماوەی جەنگەکەدا بەردەوام هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان.
دووپاتکردنەوەی پاڵپشتی بۆ ئاشتیی بەردەوام
یەکێتیی ئەورووپا پاڵپشتی خۆی بۆ تەواوی عێراق و ناوچەکە دووپات دەکاتەوە و دەڵێت، بەردەوامە لە داواکردنی دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی ئاگربەست و دانوستانەکان، بەمەبەستی هێورکردنەوەی دۆخەکە و گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام.
داواکاریی ئەورووپا لە سەرکردایەتیی عێراق
گوتەبێژی یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی ڕۆڵی عێراق لە ڕاگرتنی ئاڵۆزییەکاندا گوتی، داوایان لە سەرکردایەتیی عێراق کردووە، پەیامی هێورکردنەوە ئاڕاستەی تاران بکەن و هانی عێراقیش دەدەن ڕۆڵی لە گەڕاندنەوەی سەقامگیریی هەرێمی هەبێت، کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی، پەیوەندیی باشی دراوسێیەتی و گەشەپێدانی ئابووری بێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا