بەهۆی هەڕەشەی حوسییەکانەوە بارهەڵگرە نەوتییەکانی سعودیە دەگەڕێنەوە و واشنتنیش هۆشداری دەدات
دوای هەڕەشەکانی گرووپی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتیگەلە بازرگانییەکان، دوو بارهەڵگری نەوتی سعودیە کە بەرەو وڵاتانی ئاسیا بەڕێوەبوون، ناچاربوون ئاراستەی خۆیان بگۆڕن، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە دەریای سوور و هەڕەشەی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆ پاراستنی نێودەوڵەتیی ڕێڕەوە ئاوییەکان و بەرپەرچدانەوەی هەر پەکخستنێکی هاتوچۆی دەریایی.
سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر سعودیەدا
حوسییەکان کە کۆنترۆڵی باکوور و ڕۆژئاوای یەمەن دەکەن و دەروازەی دەریای سووریشیان لەژێردەستدایە، ڕۆژی دووشەممە گەمارۆی دەریاییان خستە سەر سعودیە و بەرەیەکی دیکەی جەنگییان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو کردەوە.
هەڕەشەکان و گەڕانەوەی کەشتییەکان
لە پەیامێکدا بۆ کەشتیوانەکان، حوسییەکان هەڕەشەی هێرشکردنە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی سعودیەیان کرد. بەهۆی هەڕەشەی حوسییەکانەوە تاوەکو ئێستا دوو بارهەڵگری نەوتی سعودیە کە بەرەو چین و هیندستان دەچوون، گەڕاونەتەوە بۆ بەندەرەکانی سعودیە و بە ئاراستەی کەناڵی سوێس دەڕۆن.
هەڵوێست و هۆشدارییەکانی واشنتن
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هەڕەشەکانی حوسییەکان و مەترسییەکانی سەر ڕێڕەوی کەشتیوانی ڕایگەیاند، حوسییەکان هێشتا گەرووی بابولمەندەبیان لە دەریای سوور دانەخستووە، بەڵام ئەگەر شتێکی لەو جۆرە ڕووبدات، ئەوان دەزانن چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.
گرنگیی جوگرافی و ستراتیژیی بابولمەندەب
گەرووی بابولمەندەب دەکەوێتە دەروازەی باشووری دەریای سوور، کەنداوی عەدەن و زەریای هیندی بەیەکەوە دەبەستێتەوە. پانی گەرووەکە لە نێوان 26 بۆ 32 کیلۆمەتردایە، بەڵام ڕێڕەوی کەشتیوانی لە تەسکترین خاڵدا بۆ نزیکەی 2 میل دەریایی کەم دەبێتەوە. ئەم تایبەتمەندییە وایکردووە ببێتە ڕێڕەوێکی هەستیار کە هەر پشێوییەکی ئەمنی تێیدا دەبێتە هۆی پەککەوتنی هاتوچۆی دەریایی.
2 کاتژمێر پێش ئێستا