وردەکاریی نوێی پڕۆسەی ئاشتی؛ لە چەکدانانی پەکەکەوە تاوەکو دیاریکردنی چارەنووسی ئۆجەلان

عەدنان ئەحمەد 4 کاتژمێر پێش ئێستا
چەند ئەندامێکی پەکەکە لە کاتی بەڕێوەچوونی یەکەم پرۆسەی چەکدانان بەشێک لە ئەندامانی پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنەی نزیک سلێمانی. فۆتۆ: AFP
چەند ئەندامێکی پەکەکە لە کاتی بەڕێوەچوونی یەکەم پرۆسەی چەکدانان بەشێک لە ئەندامانی پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنەی نزیک سلێمانی. فۆتۆ: AFP

هەوڵەکان بۆ داڕشتنی پڕۆژەیاسایەکی نوێ بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا چڕتر دەبنەوە، کە تێیدا وردەکارییەکانی چەکدانانی پەکەکە و چارەنووسی یاسایی ئەندامانی ئەو حیزبە و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئیمراڵی دیاری دەکرێت، ئەمەش سەرەڕای بەردەوامیی هەندێک ناکۆکیی قووڵ لە نێوان لایەنە سەرەکییەکانی پڕۆسەکەدا لەسەر پۆلێنکردنی تاوانەکان.

سازان و بەردەوامیی ناکۆکییەکان

هەنگاوەکان بۆ دەرکردنی یاسای پڕۆسەی ئاشتی چڕ دەبنەوە و بەگوێرەی زانیارییەکان، بەشێک لە ناکۆکییەکان لەنێوان پارتی دەم و ئاکپارتی بەردەوامن؛ چاوەڕوانیش دەکرێت لە دوو هەفتەی داهاتوودا سازان دروست ببێت.

سەرچاوەی ئامادەکردنی پڕۆژەیاساکە

بەشی تورکیی پێگەی دۆیچەڤێللەی ئەڵمانی لەبارەی وردەکارییەکانی پڕۆژەیاسای پڕۆسەی ئاشتییەوە دەڵێت، بەشێک لە وردەکارییەکانی ئەو دەقەیان دەستکەوتووە کە لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، سەرۆکایەتیی پەرلەمان و وەزارەتی دادەوە ئامادە کراوە و دەبێتە بناغەی پڕۆژەیاسای پڕۆسەی ئاشتی.

ئاگادارکردنەوەی ئۆجەلان لە ناوەرۆکی دەقەکە

وەک لە ڕاپۆرتی پێگە ئەڵمانییەکەدا هاتووە، لەبارەی دەقەکەوە زانیاری بە عەبدوڵا ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمراڵی دراوە.

دیدگای ئۆجەلان بۆ پێویستیی یاسایی

عەبدوڵا ئۆجەلان لەبارەی زەمینەی یاسایی پڕۆسەکەوە لە دوایین دیداردا کە ڕۆژی 21ی تەممووز بەڕێوەچوو گوتی، کاتی هێنانەئارای زەمینەی یاسایی پڕۆسەکەیە.

کۆکردنەوەی پێشنیازی پارتە سیاسییەکان

نوعمان کورتوڵموش لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ پارتی دەم، مەهەپە، جەهەپە و ڕێگەی نوێ کۆبووەوە و پێشنیازەکانیانی لەبارەی پڕۆژەیاسای پڕۆسەکە وەرگرت، چاوەڕێش دەکرێت کورتوڵموش ئەو پێشنیازانە بباتەوە و تێکەڵ بە دەقە ئامادەکراوەکەی بکات.

تەمومژی دەقە فەرمییەکە لای پارتەکان

سەرجەم پارتەکانی تورکیا جەخت لەوە دەکەنەوە، تاوەکو ئێستا هیچ دەقێکیان بە ناوی پڕۆژەیاسای پڕۆسەکە بەدەست نەگەیشتووە.

پێکهێنانی لیژنەی باڵای چاودێریی پڕۆسەکە

پێگە ئەڵمانییەکە لەبارەی پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتەوە دەڵێت، لیژنەیەکی تایبەت دروست دەکرێت کە سەرۆکەکەی لەلایەن سەرۆککۆمارەوە دیاری دەکرێت و ئەرکەکانی لیژنەکە بریتین لە؛ چاودێریکردنی پڕۆسەی چەکدانان، هەماهەنگیکاریی ناو پڕۆسەکە و تێکەڵبوونەوەی ئەندامەکانی پەکەکە بە کۆمەڵگە و ژیانی ئاسایی. ئەندامانی لیژنەکەش، لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە دیاری دەکرێن.

گەرەنتیی سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ چەکدانان

سەبارەت بە دڵنیابوونەوە لە چەکدانان و کۆتاییهاتنی یەکجارەکی پەکەکە کە یەکێکە لە ئاڵنگارییە گەورەکانی پڕۆسەکە، سەرۆکایەتیی کۆمار بە بڕیارێک ئەو دڵنیابوونەوەیە ڕادەگەیەنێت.

ئاڵنگارییەکانی پۆلێنکردنی ئەندامانی پەکەکە

چەند هەفتەیەکە ناکۆکییەکان سەبارەت بە پرسی پۆلێنکردنن؛ پەکەکە و پارتی دەم پۆلێنکردنی ئەندامانی پەکەکە بۆ تاوانبار و بێتاوان و بێبەشکردنی کادرەکانی پەکەکە لە یاساکە ڕەت دەکەنەوە و ئاکپارتیش ڕژد بووە لەسەر ئەو پرسە.

شێوازی دادگاییکردنی ئەوانەی چەک دادەنێن

پێگە ئەڵمانییەکە لەبارەی شێوازی دادگاییکردنی ئەندامانی پەکەکەوە دەڵێت، ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە چەکیان داناوە، دەچنەوە تورکیا و بەبێ ئەوەی بەند بکرێن، لە دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرە دادگایی دەکرێن. ئەو ئەندامانەی پەکەکەش کە تۆمەتبارن بە "کوشتن و ئەشکەنجەدان"، سوود لە یاساکە نابینن.

ڕەنگدانەوەی ناکۆکییەکان لە یاساکەدا

ئەوەش بەردەوامیی ناکۆکییەکان لەبارەی پرسی پۆلێنکردن دەردەخات. ئەو کەسانەی تەنیا بانگەشەیان بۆ پەکەکە کردووە و تۆمەتبارن بە ئەندامبوون لە حیزبەکەدا، دادگایی ناکرێن.

پلانی کەمکردنەوەی سزای زیندانییەکان

ئەو "تاوانانەی" سزای 10 ساڵیان هەیە، بۆ 4 ساڵ و ئەو "تاوانانەی" زیاتر لە 10 ساڵ سزایان هەیە، بۆ 6 بۆ 7 ساڵ کەم دەکرێنەوە. ئەو ماوەیەش لە زیندان بەسەر نابەن و لەژێر چاودێریدا دەبن.

مەرجەکانی سڕینەوەی یەکجارەکیی تۆمەتەکان

ئەو کەسانە ئەگەر "تاوان"ـی نوێ نەکەن، پاش بەسەربردنی ئەو ساڵانە، بە تەواوی لە دۆسیەکە ڕزگاریان دەبێت. ئەو کەسانەشی لەو ماوەیەدا "تاوان"ـێک دەکەن، سزای هەردوو "تاوانەکە" وەردەگرن.

پێگەی ئۆجەلان لە نێوان داواکاری و دەقەکاندا

پارتی دەم و پەکەکە داوا دەکەن پێگەی ئۆجەلان باش بکرێت و دەرگای ئازادبوونی بۆ بکرێتەوە، بەڵام پێگە ئەڵمانییەکە لەبارەی دۆخی ئۆجەلانەوە دەڵێت، لە یاساکەدا هیچ بڕگەیەک سەبارەت بە دۆخی ئۆجەلان نابێت.

باشکردنی کردەییی دۆخی ئیمراڵی

پێگەی تە24 لەبارەی باشکردنی کردەییی دۆخی ئۆجەلانەوە دەڵێت، ڕاستە هیچ بڕگەیەک سەبارەت بە ئۆجەلان نابێت، بەڵام بە کردەیی دۆخی ئۆجەلان باش دەکرێت.

دابینکردنی پارێزبەندی بۆ شاندی پڕۆسەکە

لە پڕۆسەی 2012-2015دا، بەشێک لەو کەسانەی لەناو پڕۆسەی ئاشتیدا بوون و ئەندامی شاندی ئیمراڵی بوون، سزادارن. بەگوێرەی پێگە ئەڵمانییەکە، لەم پڕۆژەیاسایەدا گرەنتیی ئەو کەسانە کراوە و بەگوێرەی یاسا دەپارێزرێن.

تەمەنی یاسایی و ماوەی کارپێکردن

زانیارییەکان دەریدەخەن، یاسای پڕۆسەکە 3 بۆ 4 ساڵ بەرکار دەبێت و پەرلەمانی تورکیاش دەتوانێت 4 جار بە 6 مانگ درێژی بکاتەوە.

عەدنان ئەحمەد

4 کاتژمێر پێش ئێستا