تەندروستیی جيهانی: گيانلەدەستدان بە ئيبۆلا هەزار کەسی تێپەڕاند

رۆزا حیسام 4 کاتژمێر پێش ئێستا
تیمەکانى تەندرووستى لە کۆنگۆى دیموکرات، سەرقاڵى ڕشاندنى دەرمانن بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەى زیاترى ڤایرۆسى ئیبۆلا
تیمەکانى تەندرووستى لە کۆنگۆى دیموکرات، سەرقاڵى ڕشاندنى دەرمانن بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەى زیاترى ڤایرۆسى ئیبۆلا

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماری نوێی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلای لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات و وڵاتانی دراوسێی ڕاگەیاند، کە بەهۆیەوە ژمارەی گیانلەدەستدان لە هەزار کەس تێپەڕیوە و زیاتر لە دوو هەزار و 400 کەسیش تووشی نەخۆشییەکە بوون.

ژمارەی تووشبووان و قوربانییان لە کۆنگۆ و ئۆگەندا

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەبارەی ژمارەی تووشبووانەوە بڵاوی کردووەتەوە، تاوەکو ئێستا 2 هەزار و 473 کەس تووشی نەخۆشییەکە بوون، 999 کەس لە کۆنگۆ و 2 کەسیش لە ئۆگەندا گیانیان لەدەستداوە.

بەردەوامیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە پارێزگاکاندا

15ـی ئایاری ئەمساڵ بۆ 17یەمین جار ئیبۆلا لە کۆنگۆ بڵاوبووەوە، سەرەتا لە شاری ئیتور سەریهەڵدا، ئێستا لە چوار پارێزگای دیکەدا بڵاوبووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی تەندروستیی وڵاتەکە دەڵێن، سێ هەفتەیە هیچ حاڵەتێکی نوێی تووشبوون تۆمار نەکراوە.

هۆشداریی سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی

تێدرۆس ئەدهانۆم، سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەبارەی فراوانبوونی ڤایرۆسەکەوە هۆشداریدا لەوەی لە ماوەی مانگی ڕابردوودا بڵاوبوونەوەی ئیبۆلا فراوانتر بووە.

مێژووی سەرهەڵدانی ئیبۆلا لە ئۆگەندا

بۆ یەکەمجار ئیبۆلا لە ئۆگەندا لە مانگی ئابی ساڵی 2000دا بڵاوبووەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 400 تووشبوو تۆمارکرا و 224 کەس گیانیان لەدەستدا، لە مانگی کانوونی دووەمی 2001دا کۆنترۆڵکرا.

نیشانەکان و ڕێگەکانی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە

ئیبۆلا نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە بە زۆری لە وڵاتانی ئەفریقا بڵاودەبێتەوە، نەخۆشییەکە دەبێتە هۆی تا و ئازاری سەر و ماسولکە و سکچوون و ڕشانەوە، زۆرجار لە ڕێگەی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ بە خوێن یان شلەکانی جەستەی کەسێکی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە.

شێوازەکانی چارەسەرکردن و خۆپارێزی

دەرمانێکی دیاریکراو بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە نییە، بەڵام هەندێک ڤاکسین بۆ خۆپارێزی هەیە و بە ڕێگریکردن لە وشکبوونەوەی جەستە دەتوانرێت یارمەتیی کەسی تووشبوو بدرێت.

رۆزا حیسام

4 کاتژمێر پێش ئێستا