گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوتی برێنتی گەیاندە 95 دۆلار

ئارا ئیبراهیم 3 کاتژمێر پێش ئێستا
نرخی نەوتی برێنت بەرزبوویەوە
نرخی نەوتی برێنت بەرزبوویەوە

دوای پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکە و هێرشە دوولایەنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، هاوکات لەگەڵ هەڕەشەی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی سعودیە، نرخی نەوت لە بۆرسە جیهانییەکاندا بەڕێژەی 4% بەرزبووەوە و نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە 95 دۆلار، کە ئەمە بەرزترین ئاستە لە ماوەی 5 هەفتەی ڕابردوودا تۆمار کرابێت.

هەڵکشانی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا

لە بۆرسەی جیهانیدا بەرمیلێک نەوتی برێنت 4% بەرزبووەوە و بە 95 دۆلارەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەمەش بەرزترین ئاستی نرخی نەوتە لە ماوەی 5 هەفتەی ڕابردوودا.

وردەکاریی نرخەکانی برێنت و تەکساس

لە بۆرسەی جیهانیدا یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە 95.24 دۆلار و لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 4.65% بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە، هاوکات یەک بەرمیل نەوتی تەکساس بە 88.39 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت و بەڕێژەی 4.80% بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە.

هۆکارەکانی ترسی بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخەکان

ئاژانسی ڕۆیتەرز لەبارەی هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ڕایگەیاند، بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانی ئەمریکا و هێرشی درۆنی بۆ سەر وڵاتی کوەیت، ترسی کەمبوونەوەی دابیننەکردنی نەوتی خاو دروستبووە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەڕێژەی 4%.

کاریگەریی پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران

دوێنێ سێشەممە نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی 5 هەفتەی ڕابردوودا، دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا هێرشەکانیان لە باشوور و ڕۆژئاوای ئێران ئەنجامدا، هاوکات تاران هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەمریکییەکان لە بەحرەین، کوەیت و ئوردن.

مەترسییەکانی سەر ڕێڕەوی وزە و هەڕەشەی حوسییەکان

ڕۆیتەرز لەبارەی مەترسییەکانی سەر دابینکردنی وزەی جیهانی ڕایگەیاند، ئەم هێرشە هاوبەشانە ترسی زیادبوونی پچڕانی دابینکردنی وزەی جیهانیی لێکەوتەوە پاش ئەوەی حوسییەکان لە یەمەن کە هاوپەیمانی ئێرانن، بەرەیەکی نوێیان لە شەڕی پەیوەست بە ئێران کردەوە بە هەڕەشەکردن لە کردنە ئامانجی ئەو کەشتیانەی نەوتی سعودیە لە گەرووی بابولمەندەب و ڕاگەیاندنی گەمارۆی دەریایی بۆ سەر کەشتییەکانی سعودیە.

ئارا ئیبراهیم

3 کاتژمێر پێش ئێستا